مەولەوی؛ سۆفییەکەی هەورامان

مەولەوی

ژیان:

سەید عەبدولڕەحیمی كوڕی سەعید تاوەگۆزی (١٨٠٦-١٨٨٢) ناسراو بە مەولەوی یان مەولەویی کورد شاعیری ناوداری کورد و سۆفیی تەریقەتی نەقشبەندی بوو کە بە شێوەزاری ھەورامی ھۆنڕاوەی داناوە و لە شیعری ئەوین و دڵداری دا زۆر بەناوبانگە. لە هۆنراوەکانیدا خۆی بە مەعدووم ناساندووە.

مەولەوی لە ساڵی ١٨٠٦(١٢٢١ی کۆچی) لە گوندی سەرشاتەی سەرووی ناوچەی تاوگۆزی-بەشی عێراق لە دایک بووە.
 لە سەرەتادا لە حوجرەکەی باوکی لە دێی بێژاوە لە نزیکی هەڵەبجە دەست دەکات بە خوێندن و دواتریش بۆ درێژە پێدان بە خوێندنەکەی ڕوو لە خوێندنگە بەناوبانگەکانی ناوچەی ئەردەڵان و بابان دەکات. 

مەولەوی بەشی زۆری تەمەنی بە ھەژاری بەسەربردووە، ئەو کاتەی لە سەرەتای خوێندندا بووە باوکی مردووە، ناچار بۆ بەخێوکردنی خوشک و براکانی وازی لە خوێندن ھێناوە بۆ ماوەیەک و پاشان گەڕاوەتەوە سەر خوێندنەکەی.

لە سلێمانی لای مەلا عەبدولڕەحمانی نۆدشیدا کەموفتی سلێمانی و مامۆستای مزگەوتی مەڵکەندی بووە خوێندنی تەواو کردووە و ئیجازەی دەرس وتنەوەی وەرگرتووە. دیسان گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری ھەڵەبجە و دواتریش لە سەرشاتە خۆی بە مەلایەتی و نووسینەوە خەریک کردووە.

عەنبەرخاتوونی ھاوسەری حەوت ساڵ بەر لە خۆی مردووە. ئەمەش کارەساتێکی گەورە بووە و کاریگەری زۆری کردۆتە سەر شێعرەکانی مەولەوی.

مەولەوی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا کوێر بووە و ئەمەش کاری زۆر کردۆتەسەر دەروونی و لە چەند پارچە شێعردا دەردەکەوێت. ھەروەھا کارەساتێکی دیکەش کە بەسەر مەولەویدا ھاتووە، سووتانی کتێبخانەکەی بووە و گومانیش لەوەدا نیە کە بەشێک لە کار و بەرھەمەکانی تێیدا سووتاوە.
مەولەوی لەساڵی ١٨٨٢(١٣٠٠ کۆچی) کۆچی دوایی ئەکا و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە سەرشاتەی سەروو نێژراوە.

مەولەوی لەگەڵ هەرجۆرە خەڵکێکا بە گوێرەی عەقڵی ئەوانە جوڵاوەتەوە.جارێکیان لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری موهاجر لە سلێمانی خەریک ئەبێ خۆی ئامادە ئەکا بۆ نوێژی مەغریب فەرەنجی یەکی درێژی لەبەرا ئەبێ، کابرایەک بانگی ئەکا: کورە کابرا فەرەنجی یەکەت نوێژی پێ وە نیە فڕێی دە، ئەویش گورج فڕێی ئەداو نوێژ دائەبەستێ...کە لە نوێژ ئەبنەوە یەکێک لێی ئەپرسێ ئەوە لە راستی دا فەرەنجی یەکەت نوێژی پێوە نەبوو وا فڕێت دا؟ مەولەوی ئەڵێ: نەوەڵڵا پاک و نوێژی بوو،بەڵام تا من کابرام حاڵی ئەکرد کە نوێژی یە، نەک جەماعەتی مەغریب بەڵکوو هی عیشایشم ئەچوو... وتم چاتر ئەوە فڕێی دەم و لە کورتی بی بڕمەوە.

مەولەوی، جگە لە کوردی، زمانی عەرەبی و فارسیشی باش زانیوە و بە ھەردووکیان شیعری نووسیوە. دیوانەکەی کە بە شێوەزاری ھەورامییە پلەیەکی بەرزی لەنێو شیعر و ئەدەبی کوردیدا ھەیە.

مەولەوی چەند ساڵێکی بەر لە مردنی بە پەرێشانی و بەدحاڵی گوزەراندووە. ئەم کارەسات و ڕووداوە ناخۆشانە بوونەتە ھەوێنی چەند شیعرێکی بەرز و نایاب، لە چەند پارچە شیعرێکیدا بەڕوونی کاریگەری ئەم کارەساتانە دەبینرێ کە چۆن دڵ و دەروونی مەولەوی پڕ بووە لە خەم و ناڵەی ژان و پەژارە و بێکەسی. بەشێکی زۆری شیعرەکانی مەولەوی بۆ لاواندنەوە و شێوەن تەرخانکراون و شیعری شیوەن پانتاییەکی فراوانیان لە دیوانەکەیدا گرتووە.

یەکەمین شاعیری کوردە کە زۆرترین قەسیدەی شیوەنی بۆ لەدەستچوونی ئازیز و خۆشەویستان و نزیکانی خۆی ھۆنیوەتەوە، لە نێو ئەو شیعرانەدا ٧ قەسیدەیان بۆ شیوەنی عەنبەرخاتوونی ھاوسەری تەرخانکراون، شیوەنەکانی بۆ عەنبەر خاتوون لە ڕووی ئەدەبیەوە زۆر بەرزترن لەو شیوەنانەی بۆ کەسانی دیکەی نوسیون، چونکە سۆز تێیاندا ڕاستەقینەترە.

ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت مردنی عەنبەر خاتوون گەورەترین کۆستبووە بۆ مەولەوی، پیری و کوێری و زەلیلی بەقەد مردنی خاتوونی ئازیزی دڵگران و پەریشانیان نەکردووە. لە قەسیدەیەکی بەرز و جوانیدا بەم شێوەیە ئەو خاتوونەی ڵاواندووەتەوە:

ئەدای پەشێویی حاڵاتی جەستەم                   دوورەن جە تەحریر خامەی شکستەم
بەڵام «مەعدووم» ھەرس دیدەش جۆش وەردەن       ناعیلاج خامەش وە دەسگیر کەردەن
پەلەپەل پێکان پەل وە خامەدا                        یەک فەرد ڕەقەم کەرد وە ڕووی نامەدا:
ئیسە دیدەی دڵ دێوانەکەی وێت                  نە بێخی ئاودا مەگێڵۆ پەرێت

واتە: بەیانی حاڵی پەشێوی جەستەم بەم قەڵەمە شکاوە ناکرێ، بەڵام ئەسرینی دیدەم سێڵاوی کردووە و کۆێر بووم، ناچار پەنام بردۆتە بەر قەڵەم بۆ ئەوەی دەستگیرمبێت و لەڕێی ئەوەوە خەمی خۆم بەیانبکەم.