تۆتنهام لەگەڵ ڕاهێنەرە نوێیەکەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا

هاری کەین

ژیان:

یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی لەدەرەوەی یاریگای خۆی بردنەوەی بەسەر یانەی وێستهام بەدەستهێنا، ئەوەش یەکەم ئەزموونی یانەکە بوو لەگەڵ ڕاهێنەرە نوێکەیاندا.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە قۆناغی 13ـی پریمەرلیگ، یانەی تۆتنهام لە یاریگای ئۆڵۆمپی لە لەندەن بووە میوانی یانەی وێستهام و سێ گۆڵی لەیانەی بەرامبەر کرد و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.

لە تایمی یەکەمی یاریەکەدا و لە خولەکی 36دا سۆن هیونگ مین گۆڵی یەکەمی بۆ تۆتنهام تۆمارکرد، دوای7 خولەک بەسەر ئەم گۆڵەدا لوکاس مۆرا گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.

لە تایمی دووەمی یاریەکە، یانەی خاوەن یاریگا تاڕادەیەک هەوڵیاندا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە و هەوڵیان دا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ و لە خولەکی49 هاری کەین تۆتێنهامی کردە خاوەن گۆڵی سێیەم.

لە خولەکی 73شدا میشێل ئانتۆنیۆ گۆڵی یەکەم و لە دوایین ساتیشدا ئانجیلۆ ئۆگبونا گۆڵی دووەمی بۆ وێستهام تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی یانەی تۆتنهام کۆتاییهات و سی خاڵی یاریەکەی بەدەست‌هێنا.