ئەردۆغان: ڕێگە بە دروستبونی دەوڵەتێکی تیرۆریستی نادەم لە باکووری سووریا

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا

ژیان:

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی ڕێگە نادات بە دروستبوونی دەوڵەتێکی تیرۆریستی لە باکووری سووریا.

ئەمڕۆ شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "هێزەکانی پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی خەڵک، ئامانجیان دروستکردنی توندوتیژییە لە باکووری سووریا، بەڵام ئێمە ڕێگە بەوە نادەین".

وتیشی: "تورکیا چەندین عەمباری دۆزیوەتەوە کە ٣٢ بۆ ٣٣ هەزار بارهەڵگری پڕ لە چەکوچۆڵە کە لەناوچە جیاوازەکانەوە دەگاتە دەستی ئەو هێزانە و ئێمە لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی ئەو چەکانەین".

لە ٩ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەبیانووی بوونی هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە دەستپێکرد و بە هەزاران هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی.

تورکیا دەیەوێت هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە لە ناوچەکە بکشێنەوە تا بتوانێت بەوتەی خۆی ناوچەی ئارام درووستبکات و ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان.