موژده‌ى بێده‌نگ كردن موە لیده‌كان..!


ژیان: وەرگیراوە لە هەژماری خالید عەبدولکەریم

- ئه‌مڕۆ پارێزگارى هه‌ولێر موژده‌ى بێده‌نگ كردنى موەلیده‌كانى ئه‌و شاره‌یدا، ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند هه‌ر خاوه‌ن مولیده‌یه‌ك نه‌یكاته‌ بێده‌نگ موەلیده‌كه‌ى پێیهه‌ڵده‌گیرێت،هەر لەبنەمادا دانانى موەلیدە سیمایەکى دواکەوتوى حوکمڕانیە و لەکەم ولاتانى تەنانەت پاشکەوتودا کارى پێدەکرێت. حه‌تمه‌ن ئەو بریارەى پارێزگاریش پێویستى به‌ته‌واو كردن هه‌یه‌ و ده‌بێ كۆمپانیایه‌ك ئاماده‌ كرابێ یاخود بكرێت و ڕێگه‌ى پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ موەلیده‌یه‌ له‌وڵاتێكى تره‌وه‌ بهێنیت، ئه‌و كۆمپانیایه‌ كێیه‌ و چۆن ده‌یهێنى و چۆن ده‌یفرۆشێ و دواتر چۆن نرخ له‌سه‌ر خه‌ڵكى زیاد ده‌كرێت گه‌ر خه‌رجى زۆرتر له‌لایه‌ن كڕیارانى موەلیده‌كانه‌وه‌ كرا، پێناچێ بیر له‌وه‌ كرابێته‌وه‌، به‌خوێندنه‌وه‌ى ڕوداوه‌كانى ڕابردوو ته‌نها بیر له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ چ ڕێگه‌یه‌كى تر بۆ بێده‌نگكردنى خه‌ڵكى له‌ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى ناڕه‌زایه‌تیان له‌و كارانه‌ بدۆزرێته‌وه‌.. ئه‌مه‌ وده‌یان پرسیارى تر به‌ڵام سه‌ره‌كى ترینیان ئه‌وه‌یه‌ باشتر نه‌بوو له‌برى موژده‌ى بێده‌نگ كردنى موەلیده‌كان، موژده‌ى باشكردنى كاره‌باتان بدایه‌، هیچ نه‌بێت ئه‌و به‌ڵینه‌ى كه‌ خۆتان ده‌یان ساڵه‌ بۆ چاككردنى كاره‌با ده‌یده‌ن..!

-چه‌ند پڕۆژه‌ یاسا و پڕۆژه‌ بڕیارێكى تر ده‌رده‌چن، یارمه‌تیده‌رێكى باش ده‌بن بۆ كابینه‌كه‌ى ئێستا و بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى له‌به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵكى له‌بێ خزمه‌تى و نه‌هامه‌تیه‌كانیدا، سه‌رۆك سودى لێوه‌ربگرێت و به‌یاسا خه‌ڵك بێده‌نگ بكرێت، ئه‌و یاسانه‌ چوارچێوه‌ گشتیه‌كه‌ى باشده‌بن به‌ڵام دوور نیه‌ وه‌كو زۆر یاسایى تر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى بۆ ده‌مبه‌ستكردن بێت، به‌تایبه‌ت له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌وه‌ى ده‌بینرێت حكومه‌ت سه‌پاندنى یاساى باج یاخود بڕیاره‌كان بۆ باج له‌سه‌ر هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران زیاتر جێ به‌جێ ده‌كات و بۆ لێكه‌وته‌كانى ئه‌و بڕیارانه‌ش پێویستى به‌یاسایه‌ك هه‌یه‌ بۆ بێده‌نگ كردن، له‌ئێستاشدا سه‌ندیكایه‌ك سه‌رقاڵى پڕۆژه‌ یاسایه‌كه‌ بۆ ڕێكخستن و چاودێرى كردنى میدیاى ئه‌لیكترۆنى، له‌ناونیشاندا كارێكى باشه‌ به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى پیشانیده‌دات یاسایه‌كه‌ بۆ هاریكارى سه‌رۆكى حكومه‌ت یاخود بؤ پاراستنى خه‌ڵكه‌ له‌كاتى ده‌ربڕینى بیروڕاكانی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا..؟

- به‌پێى ئه‌و لێدوان و بڕیارانه‌ى سه‌رۆكى ئه‌م كابینه‌یه‌، زیاتر ئه‌ركى فه‌رمانبه‌ر و هاوڵاتیانى قورسكردووه‌ و ئه‌وه‌شى ناو ناوه‌ نه‌هێشتن و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، به‌ڵام ئه‌م سه‌رۆكه‌ به‌هێزه‌ تا ئێستا له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و موچه‌خۆرانى خواره‌وه‌دا به‌هێزه‌ و دیار نیه‌ له‌به‌رامبه‌ر :

- مافیاكانى نه‌وت

-وه‌به‌رهێنه‌رانى زه‌به‌لاح كه‌ سه‌رمایه‌كه‌یان جیى گومانه‌

- خاوه‌ن بازاڕه‌ هه‌ڵتۆقیوه‌كان

- پاڵاوگه‌ ناسایه‌كانى نه‌وت

- قاچاخچیه‌كانى چه‌ك و ده‌رمان و ده‌یان كه‌لوپه‌لى تر

هه‌ڵویستى به‌هێزى هه‌یه‌ یاخود هه‌ر وه‌كو ڕابردوو ئه‌و چینانه‌ به‌هێزه‌وه‌ پشتیوانیان ده‌كرێت و ئه‌وانیش ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ له‌پێناو زۆربوونى قازانجى خۆیاندا ده‌به‌ن..؟




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە