غوده‌؛ نه‌خۆشیه‌ نه‌رمه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌

پسپۆڕێكى نه‌شته‌رگه‌ری گشتی: ته‌نها له‌چه‌ند حاله‌تێك پێویستى به‌نه‌شته‌رگه‌ریه‌

ژیان: شه‌یما حوسێن
غوده‌ ئه‌و رژێنه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی كه‌وتۆته‌ به‌شی خواره‌وه‌ی پێش مل، كاری ئه‌م رژێنه‌ دروستكردنی چه‌ند هۆڕمۆنێكه‌ ده‌ڕژێته‌ ناو خوێن‌و ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆسه‌رجه‌م به‌شه‌كانی له‌ش، ئه‌م هۆڕمۆنه‌ یارمه‌تی له‌ش ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ‌وزه‌ به‌كاربهێنێت، كه‌مده‌ردانی ئه‌م رژێنه‌ به‌هۆی نا چالاكی سایرۆده‌ رژێنه‌وه‌ دروست ده‌بێت‌و رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌م رژێنه‌ ده‌چێته‌ خوێنه‌وه‌‌و ده‌بێته‌ هۆی تێكچونی باری ئاسایی له‌ش.

زانا نوره‌دین، دكتۆرا له‌نه‌شته‌رگه‌ری گشتی، بۆ ژیان باس له‌نه‌خۆشی غوده‌‌و هۆكار‌و چاره‌سه‌ری ده‌كات‌و ده‌ڵێت، غوده‌ له‌دوو گلاند پێكهاتووه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌شی پێشه‌وه‌ی مل له‌منداڵیه‌وه‌ دروست ده‌بێت‌و پاشان ‌ورده‌ ‌ورده‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بونی ته‌مه‌ندا گه‌وره‌ ده‌بن، ئه‌م گلانده‌ هۆڕمۆنێك ده‌رده‌دات پێی ده‌وترێت هۆڕمۆنی سایرۆكسین ده‌ڕژێته‌ ناو خوێنه‌وه‌ له‌ناو خوێندا ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر زینده‌ چالاكیه‌كانی له‌شدا، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌م هۆڕمۆنه‌دا دروست بێت ئه‌وه‌ كێشه‌ له‌هه‌موو به‌شه‌كانی له‌شدا دروست ده‌بێت، ئه‌م گلانده‌ دوچاری چه‌ند نه‌خۆشیه‌ك ده‌بێت له‌وانه‌ش هه‌وكردن یان توشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بێت، یاخوود زۆرجار توشی گرێ ده‌بێت، ده‌بێته‌ هۆی دروستبونی چه‌ند حاڵه‌تێك یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه‌ش زۆرجار هۆڕمۆنه‌كه‌ زیاد له‌قه‌باره‌ی خۆی ده‌ڕێژرێت، یان گلانده‌كه‌ سست ده‌بێت‌و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هۆڕمۆنه‌كه‌ كه‌م ده‌ربدرێت ئه‌مه‌ش ‌واده‌كات گلانده‌كه‌ ته‌مه‌ڵ ببێت، ئه‌گه‌ر توشی هه‌وكردن بێت ئازارێك له‌به‌شی پێشه‌وه‌ی مل دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها توشی له‌رزو تا ده‌بێت كه‌سی توشبوو به‌م نه‌خۆشیه‌ ئازاری ده‌بێت‌و ناتوانێت شت به‌ئاسانی قوت بدات، ئه‌مانه‌ نیشانه‌كانی هه‌وكردنه‌، له‌كاتی هه‌وكردندا زۆرجار هۆڕمۆنه‌كه‌ زیاد ده‌رده‌درێت یان زۆرجار گلانده‌كه‌ ته‌مه‌ڵ ده‌بێت له‌هه‌ندێك كه‌سیشدا هه‌ر به‌ئاسایی ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌ست نیشانكردنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌هۆی پشكنینه‌وه‌ ده‌بێت

دكتۆر زانا رونیكرده‌وه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی توشبوون به‌نه‌خۆشی غوده‌ كه‌می مادده‌ی یۆده‌، هه‌روه‌ها بۆماوه‌یی یه‌كێكی تره‌ له‌هۆكاره‌كان، نه‌خۆشی غوده‌ نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نه‌و زۆرجار نه‌خۆش پێوه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌‌و ئه‌مه‌ش ‌واده‌كات نه‌خۆش به‌رده‌وام چاره‌سه‌ر به‌ده‌رمان ‌وه‌ربگرێت، ئه‌و گلانده‌ زۆرجار هه‌مووی  گه‌وره‌ ده‌بێت‌و په‌ستان ده‌خاته‌ سه‌ر بۆڕی هه‌وا،  یاخوود ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆش دوچاری هه‌ناسه‌ توندی بكات،  ئه‌گه‌ر هۆڕمۆنه‌كه‌ زۆر ده‌ربدرێت پێی ده‌وترێت غوده‌ی سام، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌م ده‌ربدرێت پێی ده‌وترێت  ته‌مه‌ڵ بونی غوده‌، كاتێك هۆڕمۆنه‌كه‌ زۆر ده‌ربدرێت رێژه‌یه‌كی زۆر ده‌چێته‌ خوێنه‌وه‌.
باسى له‌نیشانه‌كانی غوده‌ كرد‌و وتى "بریتیه‌ له‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ كێشی كه‌م ده‌كات، لێدانی دڵی زیاد ده‌كات، ئاره‌قه‌ زۆر ده‌كاته‌وه‌‌و به‌گه‌رما ته‌ندروستی تێك ده‌چێت، زۆركات ئازاری ریخۆڵه‌كان تێك ده‌دات، ئه‌گه‌ر غوده‌كه‌ش سست بێت ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ كێشی زیاد بكات، ده‌نگی ده‌گۆڕێت، زۆر جار په‌ستانی خوێنی نزم ده‌بێته‌وه‌ یان لێدانی دڵی تێك ده‌چێت".

رونیشكرده‌وه‌، ده‌ست نیشانكردنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌هۆی پشكنینه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی هه‌ندیك جۆر پشكنینی خوێن بۆئه‌وه‌ی بزانرێت هۆڕمۆنه‌كه‌ی له‌چ ئاستیكدایه‌،ئه‌و پسپۆڕه‌ باسى له‌وه‌شكرد، هه‌ندێك ئه‌نزیم هه‌یه‌ كۆنترۆڵی دروستبونی ئه‌م هۆڕمۆنه‌ ده‌كه‌ن ‌وه‌ك ئه‌نزیمی ئایۆداین پیرۆكساید یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌نزیمانه‌ی به‌شداری ده‌كات له‌دروستبونی ئه‌و هۆڕمۆنه‌دا، ئه‌گه‌ر هه‌ركێشه‌یه‌ك له‌و ئه‌نزیمه‌دا دروست بێت ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبونی ئه‌و هۆڕمۆنه‌، ئه‌وكه‌سانه‌ی نه‌خۆشی غوده‌یان هه‌یه‌ زۆرجار ده‌توانرێت به‌ده‌رمان چاره‌سه‌ر بكرێت به‌پێی ته‌مه‌نه‌كه‌یان، هه‌روه‌ها جۆری نه‌خۆشیه‌كه‌ ئه‌مه‌ش زۆرجار به‌شێوه‌یه‌كی كاتیی یه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر جۆری غوده‌كه‌ سام بێت پێویسته‌ نه‌خۆش ماوه‌ی شه‌ش مانگ بۆ دوو ساڵ ده‌رمان به‌كار بهێنێت دوای راگرتنی ئه‌و ده‌رمانه‌ش بۆی هه‌یه‌ كه‌سه‌كه‌ توشی غوده‌ ببێته‌وه‌.
دكتۆر زانا نوره‌دین باسى له‌وه‌شكرد، زۆرجار نه‌خۆش ته‌مه‌نێكی زۆری هه‌یه‌ یان نه‌خۆشیه‌كی تری هه‌یه‌ له‌وكاته‌دا ده‌توانرێت به‌ده‌رمان چاره‌سه‌ر ‌وه‌ربگرێت، ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌مادده‌ی یۆدی تێدایه‌ پێویسته‌ هه‌موكه‌س بیخوات ‌وه‌ك ماسی به‌حر، به‌كارهێنانی جۆره‌ خوێ یه‌ك یۆدی تێدا بێت باشتره‌، ‌واتا ئه‌و خواردنانه‌ی كه‌مادده‌ی یۆدیان تێدایه‌ ‌واباشتره‌ ئه‌وانه‌ زیاتر بخورێت به‌تایبه‌تی ماسی

ئه‌گه‌ر غوده‌كه‌ سام بێت له‌كاتی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ پێویسته‌ به‌شی زۆری گلانده‌كه‌ لاببرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر غوده‌كه‌ سام بێت، له‌‌و حاڵه‌ته‌دا هۆڕمۆنه‌كه‌ زۆر ده‌ردراوه‌ ناتوانرێت یه‌كسه‌ر نه‌شته‌رگه‌ری بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ بكرێت، چونكه‌ به‌هۆی سڕكه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ نه‌خۆش توشی كێشه‌ ببێت، پێویسته‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا غوده‌كه‌ به‌ده‌رمان كۆنترۆڵ بكه‌ین غوده‌كه‌ی داببه‌زێنین، ئه‌گه‌ر غوده‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌ بوبێت كاریگه‌ری كردبێته‌ سه‌ر هه‌ناسه‌دانی نه‌خۆش‌و نه‌توانێت باش هه‌ناسه‌ بدات له‌م حاڵه‌ته‌دا نه‌خۆش پێویسته‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام بدرێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ غوده‌كه‌دا گرێ  هه‌بێت‌و ئه‌و گرێ یه‌ گومانی ئه‌وه‌ی لێبكرێت شێرپه‌نجه‌یه‌ له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێویسته‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆنه‌خۆش ئه‌نجام بدرێت.

پسپۆڕه‌كه‌ى غوده‌ رونیشكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر غوده‌كه‌ سام بێت له‌كاتی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ پێویسته‌ به‌شی زۆری گلانده‌كه‌ لاببرێت، نابێت هه‌مووی لاببرێت، چونكه‌ هۆڕمۆنی نامێنێت دواتر ‌واپێویست ده‌كات هۆڕمۆنه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی ده‌رمان پێ بدرێت، ده‌بێت هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نی نه‌خۆش ئه‌و ده‌رمانه‌ به‌كاربهێنێت، چونكه‌ گلانده‌كه‌ی نه‌ماوه‌، زۆرجار نه‌خۆش دوای نه‌شه‌ته‌رگه‌ری مادده‌ی كالسیۆم كه‌م ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ گلاندێك هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر ئه‌و گلانده‌وه‌ به‌رپرسه‌ له‌مادده‌ی كالسیۆم له‌له‌شدا، هه‌ندێكجار ئه‌و گلانده‌ بریندار ده‌بێت یان لاده‌برێت ئه‌گه‌ر زۆر گه‌وره‌ بێت، ئه‌مه‌ش ‌واده‌كات زۆربه‌ی نه‌خۆش دوای نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ توشی ئه‌و حاڵه‌ته‌ ببن ئه‌ویش به‌هۆی كه‌می مادده‌ی كالیسیۆمه‌وه‌یه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌توانرێت به‌ده‌رمان چاره‌سه‌ر بكرێت به‌به‌كارهێنانی حه‌ب یان ده‌رزی بۆ نه‌خۆشه‌كه‌، زۆرجار نه‌خۆش دوای نه‌شته‌رگه‌ریش ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ توشی غوده‌ ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌گلانده‌كه‌ لا نه‌براوه‌‌و ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دوانه‌شته‌رگه‌ریش دروست ببێته‌وه‌.