دوای دووجار هاوسەرگیری لەدۆزەخدا دەژیت

میهرەبان؛ قوربانی دەستی براكەی

ژیان: دێكان عەلی

بەدەنگێكی نزم‌و قوڕگێكی پڕ گریان باسی ژیانی قوڕس‌و سەختی خۆی بۆكرد، دەی وت، من ژنێكی 30ساڵم لەخێزانێكی پیاوسالار لەیەكێك لەشارۆچكەكانی گەرمیان لەدایكبووم، بەو پێیەی خێزانەكەمان خێزانێكی خێڵەكی بوو، رێگە بەكچ نەدەدرا بچێت بۆ خوێندن.

میهربان بۆ ژیان دەڵێت، لەگەڵ خوشكەكانم بەدزییەوە دەچووین بۆ قوتابخانە، دەچووین لەماڵی دراوسێ، خۆمان دەگۆڕی، چونكە برام ئەیوت كچ نابێ بخوێنێت، هەرچەند باوكم باش بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژنی دوومی هێنابوو هیچ دەسەڵاتێكی نەمابوو، بیرمە رۆژێ لەپۆلی نۆی بنەڕەتی بووم هاتمەوە لەقوتابخانە میوانمان هەبوو بەبەرچاو میوانەكان هێندەی لێدام تابوورامەوە.

میهرەبان كاتێك تەمەنی 17 ساڵ دەبێت، كوڕێك دەچێتەخوازبێنی، كوڕەكە خوێندكاری پەیمانگای تەكنیكی بوو، میهرەبان وتی "زۆردڵخۆش بووم بەوەی هاوسەرگیری دەكەم‌و خوێندن تەواو دەكەم، بەڵام هەر دەزگیراندار بووم بۆم دەركەوت هاوسەرەكەم دڵپیس‌و رەزیلە، بەڵام لەبەر خۆشەویستی زۆرم بۆی گوێم پێنەدا بەردەوام بووم‌و ئامەدەبووم لەگەڵی بمێنمەوە".

هەرچۆنێك بێت دووساڵ‌و پێنج مانگ بەردەوام بوون بەیەكەوە، بەڵام دیسان براكەی ژیانی لێ تێكدەداتەوە، وەك خۆی وتی، من لەگەڵ هاوسەرم كەمێك لێك تێ نەگەیشتنمان هەبوو، بەزۆر جیابوونەوەیان پێكردم، لەبری ئەوەی رێگەچارەمان پیشان بدات، هەموو ئەو عیشق‌و خۆشەویستیەیی بۆهاوسەرم هەبوو لەژێر خاك نا.

میهرەبان، گەڕایەوە ماڵی باوكی، بەڵام  دووبارە لێدان‌و سوكایەتی دەستی پێكردەوە، بەجورێ هێندەی لێ دەدا دایكم‌و براژنم لەژێر دەستییان دەردەهێنا، بەڵام هەر كۆڵی نەدا‌و توانیی قۆناغی دووانزەی ئامادەیی تەواو بكات.  

بەقسەی میهرەبان دوای ساڵێك هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێكی دەكاتەوە، سەرەتا ژیانێكی ئاسایی، بەڵام دواتر براژنی جیادەبێتەوە، بۆیە براكەی هەموو شتی ئەخستەپاڵ ژن‌و تا وایكرد مێردەكەم توندووتیژتربوو، لەوكاتە من دووگیان بووم بەسیانەیەك، زۆر دڵخۆشبووم، ئەبووم بەدایك، بەڵام دڵخۆشیەكەم زۆری نەخایاند‌و منداڵەكانم لەبارچوو.

میهرەبان بەردەوام بوو لەسەر گێڕانەوەی ژیانە سەختەكەی‌و وتی "دووای ئەوە دۆخێكی قوڕسی دەرونی رووی تێكردم، لەگەڵ ئەوەی هاوسەرم توندووتیژتر دەبوو، هەمیشە ئەیوت ژن دێنم ژن دێنم، جاری وابوو15ڕۆژ قسەی لەگەڵ نەدەكردم، تا رۆژێ منی بردەوە بۆماڵی باوكم‌و وتی كچەكەتانم ناوێ هەموومان شۆك بووین".

دواتر ڕاستەوخۆ ژنێكی بەڕەگەز عەرەبی هێنا، هێشتا میهرەبان خێزانی یاسایی‌و شەرعی بووم، بێ ئاكاداری خۆیی تەڵاقی داوە، جارێكی تر میهرەبان گەڕایەوە بۆماڵی باوكی بۆ دۆزەخەكەی لێی ڕایكردبوو، ئێستاش دووبارە وەك جاران كەوتوتەوە ژیانێكی قورس، براكەی دەڵێت، جارێكی تر بۆت نیە هاوسەڕگیری بكەیتەوە.

لەكاتی گوێگرتن لەچیڕۆكە سەخت‌و دژوارەكەی، هێزم لەچاوەكانی دەبینی، ووتی، من درێژە بەخوێندن دەدەم‌و هەوڵ دەدەم براكەم رازی بكەم، خوێندن تەواوبكەم.

میهرەبان، لەماڵەوە كاری دەستی‌و بەرگدووری دەكات، لەئێستادا بۆئەوەی بتوانێت پارەی خوێندنی زانكۆ بەدەست بهێنێت.

ئەریڤان محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتیە بۆ ژیان دەڵێت، ژنان قوربانی دەستی باوك‌و براكانیانن، رێگەیان پێی نادرێت پاش جیابونەوەیان لەسەرپێی خۆیان بوەستن‌و ژیانێك بۆ خۆیان درووست بكەونەوە، چونكە هەندێ لەو ژنانە خاوەن منداڵن دەبێت بژێوی منداڵەكانیان پەیدابكەن.

كەمنین ئەو ژنانەی لەماڵەوە دۆزەخێكیان بۆ دروست بووە، خەبات رەشید، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لەگەرمیان بۆ ژیان دەڵێت، بەدڵنیاییەوە لەكوردستان‌و گەرمیان ژنان قوربانی تووندووتیژیەكانن، بەپلەی یەكەم ژنانن، چونكە ژنان بەهۆی نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بەمافاكانیان سكاڵا تۆماربكەن‌و ئاشنایەتیان بەو یاسایانە نییە كەتایبەت بەخێزان دەركراون، سەبارەت بەو كەیسەی باستان كرد، دەتوانێ سكاڵا تۆماربكات‌و مافەیاساییەكانی خێزانی خۆی وەربگرێتەوە، جونكە ڕێگەنەدان بەخوێندن‌و تووندووتیژی بەیاسا قەدەغەكراوە.

ساڵی 2018، توندوتیژیەكان لەئیدارەی گەرمیان بەجۆرێك بووە، 19حالەتی دەستدرێژی سێكسی، ئەشكەنجەدانی ژنان26حالەت، 4 حالەتی سوتانی ژنان هەبووە لەگەڵ17 حالەتی رفاندن.

بەقسەی بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لەگەرمیان، لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی دۆخی خراپی دارایی توندوتیژی زیادی كردووە، هەروەها كاریگەری دراما دۆبلاژكراوەكانیش كاریگەری زۆری دروستكردووە.