فه‌رزاد مه‌هدى بۆ ژیان: ناخۆشترین شت به‌شدارنه‌بوون بوو له‌ سرودی نیشتمانی

له‌شوانیه‌تیه‌وه‌ هه‌ستم به‌ده‌نگخۆشى خۆم كرد

ژیان: هۆزان عیرفان
دوای ڕكابه‌ریكردن له‌گه‌ڵ حه‌ڤده‌ به‌شداربوی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان فه‌رزاد مه‌هدی، كوڕه‌ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان توانی تا فیناڵی به‌رنامه‌كه‌ بچێت، له‌چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا بۆ ژیان باس له‌ژیانی خۆی‌و به‌شداریكردنی له‌پڕۆگرامی كورد ئایدڵ ده‌كات.

فه‌رزاد مه‌هدى ده‌ڵێت، له‌منداڵیوه‌ شوان بووم‌و له‌وكاته‌وه‌ هه‌ستم به‌ده‌نگخۆشى خۆم كرد، بۆیه‌ هونه‌رم هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگه‌كه‌م بۆ سارێژى ئازاره‌كانى میلله‌ته‌كه‌م به‌كار بهێنم.

له‌باره‌ی بڕیاری به‌شداری كردن له‌پڕۆگرامی كورد ئایدڵ فه‌رزاد وتی "پرۆگرامی كورد ئایدڵ وه‌كو په‌نجه‌ره‌كی نوێ بۆ ژیانی ھونه‌ریم ده‌بینی‌و سه‌ره‌تا پێیان وتم قبووڵم نه‌كرد به‌هۆكارێكى كه‌سى، ئه‌و كات زۆر له‌كێشه‌و گرفتا بووم، پاشان بڕیارمدا به‌شدارى بكه‌م.

له‌باره‌ی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌به‌رنامه‌كه‌دا رووبه‌ڕووی بۆته‌وه‌ باسی له‌وه‌ كرد، له‌كاتی خوێندنی سرودی من كوردم‌و كوردستانیم، به‌شداربووانی رۆژھه‌ڵات له‌ناو ھه‌موو پارچه‌كان جیاكرانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ئێران كێشه‌مان بۆ پێش نه‌یت ھه‌موو به‌شداربووان له‌گه‌ڵمان فرمێسكیان ده‌ڕشت، ئه‌مه‌ زۆر زۆر سه‌خت بوو، هه‌روه‌ها پرۆگرامه‌كه‌ له‌مانگی ره‌مه‌زانا بوو زۆر سه‌خت بوو ده‌بوو تا دوای به‌رنامه‌ نانم نه‌خواردایه‌.

پێش ده‌ركه‌وتنم له‌به‌رنامه‌ی كورد ئایدڵ چه‌ن گۆرانییه‌كم هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ژاری‌و كه‌س نه‌بوو ده‌ستم بگرێ نه‌متوانی بره‌و به‌هونه‌ر بده‌م

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی چ به‌شداربویه‌ك شایه‌نی نازناوی كورد ئایدڵ بوو؟ فه‌رزاد ده‌ڵێت، ھه‌موو ئه‌و 17 به‌شداربووه‌ی بۆ كۆتای پڕۆگرامه‌كه‌ مابونه‌وه‌ هه‌موویان شایه‌نی نازناوه‌كه‌بوون، به‌ڵام ئیدى به‌رنامه‌كه‌ وایه‌ كه‌سێكه‌ بۆیه‌ پیرۆزباى لێ ده‌كه‌م.

باسى له‌وه‌شكرد، له‌دوای به‌رنامه‌كه‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ژیندا، چه‌نگیز، زێره‌ڤان، ئاشتی‌و عه‌بدۆڵلا هه‌ر ماوه‌، ئه‌وانی دیكه‌ش جاروو بار له‌رێگه‌ی سۆشیال میدیا ده‌یانبینم.
فه‌رزاد ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێش ده‌ركه‌وتنم له‌به‌رنامه‌ی كورد ئایدڵ چه‌ن دانه‌ گۆرانییه‌كم هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ژاری‌و كه‌س نه‌بوو ده‌ستم بگرێ نه‌متوانی بره‌و به‌هونه‌ر بده‌م، به‌ڵام ھه‌میشه‌ له‌فێستیڤاڵه‌كانی موسیقی به‌شدرایم ئه‌كرد.

له‌فه‌رزادمان پرسی زیاتر لاسایی چ هونه‌رمه‌ندێكت كردووه‌ته‌وه‌؟ واته‌ شه‌یدای ده‌نگی كامه‌ هونه‌رمه‌ندی؟ له‌وه‌ڵامدا وتی، راستی ھونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی به‌تایبه‌ت ھه‌ورامان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سینه‌ به‌سینه‌ ھاتوه‌ ناتوانی بڵیی ھی كه‌سێكه‌‌و لاسای ئه‌و ئه‌كه‌مه‌وه‌، به‌ڵام سه‌باح ھه‌ورامی، جه‌میل نه‌وسوودی‌و عوسمان ھه‌ورامی به‌مامۆستای خۆمیان ده‌زانم.

"ھه‌ستێكی زۆر خۆش بوو به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی كوردستان گۆرانیم ده‌وت، هه‌موو جارێكیش له‌خۆشیا تێر تێر ئه‌گریام، چونكه‌ به‌خه‌ویشم نه‌ئه‌دی رۆژێك له‌سه‌ر سته‌یج له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌م پێشتر ناوم بیستبون گۆرانی بڵێم". فه‌رزاد واى وت.

له‌ باره‌ی ئه‌و به‌ڵیانه‌نه‌ی كه‌له‌ كورد ئایدڵ پێی درا‌و تاچه‌نده‌ جێبه‌جێ كران، فه‌رزاد ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، به‌هاوكاری ده‌زگای میدیای كوردسات به‌شێك له‌ئه‌لبومی دووه‌مم به‌رهه‌م هێناوه‌(شینی ھه‌ڵه‌بجه‌ وھه‌وراو‌و یارا) له‌و كارانه‌ بوو پێشكه‌شی جه‌ماوه‌رم كرد.