بەڕێز کارەبا لە ئەمریکا


ژیان: وەرگیراوە لە هەژماری لوقمان غەفوور

*من پێنج ساڵە لە ئەمریکام، لەماوەی ئەم پێنج ساڵە تەنیا یەک شەوی زستانی ٢٠١٧ کارەبا کوژایەوە. مانگی فێبریوەری (٢) بوو. سەرمایەکی سەخت بوو. پلەی گەرمی -٢١ بوو واتە ٢١ پلە ژێر سفر.

ھەرچەندە گەرمی ماڵان بەگشتی کارەبا نییە، بەڵکو سیستمی گازە، بەڵام ھەندێک لە ماڵەکان سیستمی گەرم- یان کارەبایە. بۆیە لەگەڵ کوژاندنەوەی کارەباکە پۆلیس و تیمی فریاکەوتن و تەنانەت بەشێک لە سوپا خرایە خزمەتی ئەو گەڕەکەوە کە تێکڕا ٣٠٠ ماڵێک ئەبوو.

پۆلیس بە ماڵاندا گەڕا بەتانی و ئاو و خواردنیان دابەشکرد. ھەر بەڕاستی لێتان ناشارمەوە ترسام، وامزانی کودەتای سەربازییە یان سوپای وڵاتێکی وەک کوریای باکور ئیزالی کردە ناو ئەمریکاوە چونکە پێشتر کە لە کوردستان بووم لە سینەما فیلمی (Tomorrow, When the Wer Began) م بینیبوو.

کاتێک بۆ ڕۆژی دواتر لە ھاوڕێیەکی ئەمریکیم پرسی ئەمە بۆ وایە. وتی، کاکە ئەوان ئەگەری ڕەقبوونەوە و ھەموو حاڵەتێک ئەکەن. جگە لەوە ئەوە بەرنامەیە ئەگەر ناوچەکە فراوانتریش بوایە ئینزاریش لێئەدرا، چونکە لەم دۆخانە ترس لە کاری بڕینی ماڵان و دزی و کاری تیرۆر ھەیە.

قسەی ئەم برادەرەم بیردێتەوە کە ھەموو ٤ شەممەیەک سەعات ١٢ ی نیوەڕۆ، بۆ تێست ئینزار لێدەدرێت بۆ حاڵەتی فریاگوزاری.

*لەماڵەوە زیاد لە ٢٠ جۆر مۆم-م ھەیە، جار جار بە دیار خوێندنەوەو نووسین ئەسوتێنم، چونکە بۆنێکی خۆش ئەدات بەناو ماڵەکە.

کاتێک لە مۆمەکان ئەڕوانم بیر ئەکەمەوە باشە لەم ئەمریکایە بە پێنج ساڵ، ٢٠ دەقیقە کارەبا کوژابێتەوە. ئەم ھەموو مۆمە چییە بازارەکانی تەنیوە.

ڕۆژێکیان مۆمێکم کڕی کاتێک ڕێنماییاکانم خوێندەوە نووسرابوو ئەگەر بەردەوام بیسوتێنی بەرگەی ٤ شەو و چوار ڕۆژ ئەگرێت تا تەواو ئەبێت. تیرەی مۆمەکە ٢٠ سانتیمەتر و یەرزییەکەی ٢٥ سانتیمەتر بوو. تاقیمکردەوە ڕێک ئەو مێژەرەی دانرابوو تەواو بوو.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە