سەعد حەدیسی بۆ ژیان: دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران خواستی خۆپیشاندەران ناهێنێتە دی

هەڵوەشاندنەوەی حكومەت كاریگەری لەسەر هەموو عێراق دەبێت
وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق

ژیان: زانا حەمە غەریب

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەم دیدارە تایبەتەی ژیان باس لەهۆكاری سەرهەڵدانێ‌ خۆپیشاندانەكان‌و مەترسیەكانی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران دەكات، هەروەها پرسی ململانێ‌ سیاسیەكان‌و دەست وەردانی حزبی لەكارەكانی حكومەت‌و قوڵبونەوەی قەیرانەكان لەعێراق.

ژیان: دەمەوێت بپرسم بۆچی كابینەكەی عەبدولمەهدی بۆچی توشی ئەم قەیرانە گەورانە هاتووەو عێراقیەكان شەقامیان لێگرتووە؟  

سەعد حەدیسی: رووبەڕووبونەوەی ئەم كابینەیەی حكومەت بەم هەمو قەیرانە شتێكی چاوەرواننكراوبو، چونكە هەر لەسەرەتای پێكهێنانی كابینەكەو راسپاردنی بەرێز عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی دەیان گرفت‌و بەربەستی بۆ هاتە پێشەوە، بەڵام سوربونی ئەو لەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەسەرداوای بەشێكی زۆر لەلایەنە سیاسیە ناوخۆییەكانی عێراق بوو، وەزۆربەیان پێیان وابوو ئەو دەتوانێت عێراق دەرباز بكات لەهەندێك لەو قەیرانانەی تووشی هاتبوو، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەرەتای پێكهێنانی حكومەت، لەلایەن بەشێك لەحیزبە سیاسیەكان‌و بەپیلانی دەرەكیش بەربەست بۆ حكومەت دروستكراو دواجاریش بەجوڵاندنی شەقام لەدژی دەویسترێت حكومەت بەتەواوەتی هەڵبوەشێندرێتەوە.

ژیان: كەواتە ئەوەی لەشەقام دەگوزەرێت ململانێی سیاسیە یان رای شەقامە؟  

سەعد حەدیسی: ئەوە بۆچونی منە، ئەوەی لەشەقام نارەزایەتی دەردەبرێت بەشێكی زۆریان ئەندام‌و لایەنگری پارتێكی دیاریكراون، وەبەشێك لەلایەنە سیاسیەكان بەرژەوەندییان نەبوو لەو هەنگاوانەی سەرۆك وەزیران دەیویست هەڵی بنێت بەتایبەت لەمەسەلەی چاكسازی‌و روبەروبونەوەیگەندەڵی، هەربۆیە خۆپیشاندانیان بەچارەسەرێكی گونجاو زانیوە كەبەرژەوەندی خۆیان تێكەڵ بەداخوازییەكانی شەقام بكەن، ئەو داواكارییانەی خۆپیشاندەران هەیانە بێگومان داواكاری ئێمەشە، داواكاری خودی سەرۆكی حكومەتە، بەڵام رەنگە بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە هەندێك لایەنی سیاسی بیانەوێت بەتەواوەتی داوای خۆپیشاندەران‌و داوای حكومەتیش لەگۆربنێن.

دەست وەردانی حزبی‌و سیاسی لەناو حكومەت بەئاشكرا هەیە

ژیان: بەبروای ئێوە لەئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندان‌و نارەزایەتیەكان لەدژی حكومەت، هەڵوێستی حكومەت‌و سەرۆك وەزیران چی دەبێت؟  

سەعد حەدیسی: حكومەت بۆ ئەوە پێكهێنراوە خزمەت بەعێراقیەكان بكات‌و حكومەتی عێراقیەكانە، لەئەگەری بەردەوامی نارەزایەتیەكان بێگومان حكومەتیش پلانی تری دەبێت‌و كاردەكات بۆ ئەوەی ئەو داواكارییانەی خۆپیشاندەران هەیانە جێ‌ بەجێیان بكات وەئەوەش كاتی پێویستە، وەهەڵوێستی سەرۆك وەزیرانیش ئاشكرایەو هەرگیز نایەوێت عێراقیەكان لەنارەحەتیدا بن‌و عێراق روبەروی توندوتیژی ببێتەوەو ئەگەر ناەرزایەتیەكان بەردەوام بن دورنیە سەرۆك وەزیران دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت لەپێناو ئارام بونەوەی بارودۆخەكە. 

ژیان: ئەگەر هەڵوێستی حكومەت‌و سەرۆك وەزیران بەو شێوەیە بێت بەرانبەر بەخۆپیشاندەران، كەواتە بۆچی حكومەت خۆپیشاندەران دەكوژێت‌و برینداریان دەكات؟

سەعد حەدیسی: هەرگیز حكومەت نایەوێت خوێنی هاوڵاتیان برژێت‌و توندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران بگیرێتەبەر، بەپێچەوانەوە حكومەت پشتیوانی كردووە لەزامنكردنی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە‌و دور لەتوندوتیژی بەرانبەر خۆپیشاندەران، بەداخەوە لەگەڵ دروست بونی شەپۆلی نارەزایەتیەكان چەند لایەنێكی سیاسی كەوتونەتە پشتی بارودۆخەكەو دەیانەوێت خۆپیشاندان‌و نارەزایەتی خەڵك بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، ئەگەرچی حكومەتی عیراق بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات بۆ بەدەنگەوەچوونی خۆپیشاندەران‌و بەدیهێنانی داواكارییەكانیان‌و بەتایبەت لەبواری گۆڕانكاری رەیشەیی‌و بنبركردنی گەندەڵی‌و چاكسازی، بەڵام دیسانەوە دەست وەردان‌و ململانێی سیاسی هەیەو رێگری‌و بەربەست بۆ حكومەت دروست دەكرێت، زۆربەی ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستگیركرابون ئازاد كراون، وەزیاتر لەحەفتا ئەفسەرو پلەدار لەهێزە ئەمنیەكان بەتۆمەتی روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران دەستگیركراون‌و روبەروی یاسا دەكرێنەوە، ئەوانەی خۆپیشاندەران دەكوژن یان دەیانرفێنن كۆمەڵ‌و گروپی چەكداری نەناسراون‌و بەمەبەستی تێكدانی بارودۆخەكە ئەو كارانە ئەنجام دەدەن‌و حكومەت لێكۆڵینەوە لەبارەیانەوە دەكات.

ژیان: چۆن دەكرێت گروپێك چەكداری نەناسراو یان میلیشیای چەكداری لەناو شارێكدا لەگەڵ هەبوونی هێزی ئەمنی زۆر ئەو كارانە بكەن؟  

سەعد حەدیسی: بەغداد یان هەر شارێكی تری عێراق بچوك نین‌و رەنگە ئەو ساتانەی تێكهەڵچون لەنێوان خۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنیەكان دروست دەبێت، دەرفەتێكی گونجاو بێت بۆ ئەوان كەخەڵكی برفێنن یان تەقە لەخۆپیشاندەران بكەن، وەئەوەشمان لەبیر نەچێت لەعێراق هەتاوەكو ئێستاش چەك بەدەستی بەشێك لەحیزبەكانەوە بوونی هەیەو خاوەنی هێزی چەكدارین، لەوڵاتانی رۆژئاواش زۆر جا دەبینین گروپێكی چەكدار هاوڵاتی دەكوژن یان بێسەرشوێنیان دەكەن، ئەمانە شتی چاوەروانكراون بەتایبەت بۆ عێراقێك كەساڵێكە لەشەرو پەلاماری گەورەترین گروپی تیرۆریستی رزگاری بووە.

هەڵبژارنی پێشوەختە چارەسەر نیە

ژیان: باس لەدەست وەردانی حزبی‌و سیاسی دەكەیت لەكارەكانی حكومەت، چۆن حكومەت رێگە بەمە دەدات؟  

سەعد حەدیسی: بەڵێ‌ دەست وەردانی حزبی‌و سیاسی لەناو حكومەت بەئاشكرا بونی هەیەو لەزۆرێك لەجومگەكانی حكومەت‌و دەسەڵات حیزب‌و سیاسیەكان باڵا دەستن، هەتاوەكو ئێستاش كابینەی حكومەت تەواو نەكراوەو چەندین پۆستی وەزاری‌و باڵا بەبەتاڵی هێڵدراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ململانێی سیاسی‌و دەستوەردانی حیزبیەوەیە، بەداخەوە لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە هەموو كابینەكان گرفتاری دەستێوەردانی حیزبی بون، كابینەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرەرای هەبوونی زۆرترین قەیران روبەروی زۆرترین ململانێ‌و روبەروبونەوەی سیاسی‌و حیزبی بۆتەوەو ئەگەر بەم شێوەیەش بارودۆخەكان بەردەوامیان هەبێت، رەنگە كابینەكە نەتوانێت بەردەوام بێت، چونكە لایەنە سیاسیەكان نایانەوێت گوێ‌ لەسەرۆك وەزیران بگرن‌و هاوكاری بكەن، تەنانەت  سەرۆك وەزیران ئامادەیی دەربری بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی وەزاری‌و گۆڕینی 13 وەزیری كابینەكەی، بەڵام هاوكاری نەكراو ڕێگەی پێنادرێت گۆرانكاری بكات چونكە لەبەرژەوەندی بەشێك لەلایەنە سیاسیەكاندا نیە.

ژیان: بەبروای ئێوە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت یان دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران، یاخود هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری بارودۆخەكە دەكات؟  

سەعد حەدیسی: بەبڕوای من نەدەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران‌و نەهەڵوەشاندنەوەی حكومەت خواستی خۆپیشاندەران‌و ئەوانەش ناهێنێتەدی داوای دەكەن‌و چارەسەری بارودۆخەكە ناكات، سەبارەت بەوەی هەندێك لایەنی سیاسی بانگەشە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن، بەدڵنیایی هەڵبژارنی پێشوەختە چارەسەر نیەو بەڵكو زیاتر قەیرانەكان قوڵ دەكاتەوە ولەكاتی دەستلەكاركێشانەوەش حكومەت دەبێتە كار بەڕێكەر تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، وەپێویستە لایەنە سیاسیەكان خۆیان یەكلا بكەنەوەو پاڵپشتی لەم كابینەیەی حكومەت بكەن‌و هاوكار بن بۆ ئەوەی قەیرانەكان تێبپەرێندرێن‌و حكومەت چاكسازی بكات، ئەگەر ئەوەش نەكرێت ئەوا عێراق بەدەیان كابینەی تری حكومەت ناتوانێت قەیرانەكان تێبپەرێنێت‌و هەوڵی چاكسازی بدات، چونكە ئەمەی ئێستا هەیە كەڵەكەبوی كابینەكانی پێشوترن‌و ناتوانرێت بەو هەموو ململانێیەوە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

ژیان: لەئەگەری هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران تاچەند زیانی بۆ بارودۆخی عێراق‌و بەتایبەتیش پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد دەبێت؟  

سەعد حەدیسی: من پێم وایە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت كاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر دۆخی عێراق بەگشتی‌و لەسەر هەرێم‌و بەغدادیش، چونكە سەرۆك وەزیرانی عێراق كەسێكە بەوپەری بروا بەخۆبون‌و دڵسۆزییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكان دەكات لەناوخۆی عێراق‌و لەسەر ئاستی دەرەكیش، هەموو ئەو كێشانەی كەلەرابردووش لەنێوان حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێم هاتنە ئاراوە ئەو لەهەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆیان، وەئەو لێكترازانە گەورەیەی خەریك بوو لەنێوان كورد‌و عێراق بەهۆی ململانێی سیاسی دروست ببێت زۆر بەدڵسۆزانە چارەسەری بۆ دۆزییەوەو هۆكارێكی گەورە بوو بۆ نزیك بونەوەی بەغدادو هەرێمی كوردستان‌و تەنانەت دوای دوو ساڵ پچرانی كوردستان لەگەڵ بەغداد‌و دوای هەوڵی ریفراندۆمیش لەگەڵ دەست بەكاربونی توانی بارودۆخەكان ئارام بكاتەوەو هەردوولا بگەرێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەبروای من دكتۆر عادل عەبدولمەهدی ئەگەر رێگری بۆ دروست نەكرێت‌و هاوكاری بكرێت دەتوانێت كاری زۆر گەورە بۆ عێراق بكات، ئەگەر رێگریەكانیش بەردەوام بن لەبەردەمیدا رەنگە دۆخی عێراق بەرەو خراپتر ئاراستە بگرێت.