زارا محەمەدی ئازاد کرا

زارا محەمەدی

ژیان:

چالاکوانێکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای شەش مانگ لە دەستگیرکردنی ئازادکرا.

هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە؛ زارا محەمەدی، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ماوەیەک لەمەوبەر ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئێران تۆمەتی هاوکاری لەگەل حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێرانیان خستە پاڵ زارا محەمەدی.

زارا محەمەدی، لە کۆتاییەکانی مانگی پێنجی ئەمساڵ دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژیۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.