ئاسۆ مامەند بۆ ژیان: دەبێت ئەو گەنجانە بێنە پێشەوە لەماوەی رابردودا رۆڵی بەرچاویان لەناو یەكێتیدا گێڕاوە

ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌

ژیان: جیهاد جەلال 
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بەرپرسی مەڵبەندی دووی ئەو حزبە لەكەركوك لەم دیدارەی ژیان، باس لەبەستنی كۆنگرەو هەنگاوەكانی حزبەكەی بۆ دوای بەستنی كۆنگرە دەكات، داواش لەئەندامانی كۆنگرە دەكات لەپێناو بەهێزبوونەوەی یەكێتی دەنگ بەو كەسانە بدەن دڵسۆزی یەكێتی بوون، دەشڵێت پێویستە گەنجان بێنە پێشەوەو بڕیار بەدەستی یەكێتی بن.

ژیان: ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەكوێ گەیشتووە؟

ئاسۆ مامەند: ئامادەكارییەكان لەقۆناغی كۆتایدایەو ئەوەی ماوەتەوە كۆنفرانسی مەڵبەندەكانی لەگەڵ هەندێك شتی دیكە ماوە، لەچەند رۆژی داهاتودا ئەوانیش ئیشیان لەسەر دەكرێت‌و لەم هەفتەیەدا كۆنفڕانسی مەڵبەندەكان دەكرێت.

ئەم شێوازی بەڕێوەبردنەی ئێستای یەكێتی تەقلیدییەو گۆڕانكاری تێدا دەكرێت 

ژیان: ئامادەكارییەكان‌و بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسی كۆمیتەكان چۆن بەڕێوەچوون؟ لەئاستی خواستی سەركردایەتی یەكێتیدا بوون؟

ئاسۆ مامەند: باش بەڕێوەچوون، پێموایە بەهۆی ئەوەی كادرانی یەكێتی تەبایی‌و رێبازی مام جەلالیان لاگرنگە بۆیە دەیانەوێت تەباو یەك دەنگ بین ئەوەی كراوە زۆر بەباشی كاری لەسەر كراوە.

ژیان: وەك سەركردەیەكی یەكێتی چاوەڕوانی تۆ‌و كەسانی دیكەی ناو حزبەكەت چییە بۆ دوای كۆنگرە؟

ئاسۆ مامەند: ئێمە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی گرفتی ناوخۆیی‌و كێشەكانی دیكەی تایبەت بەهەرێم‌و عێراق نەمانتوانیووە كۆنگرە ببەستین، بەڵام یەكێتییە دڵسۆزەكان‌و كەسوكاری شەهیدان بەلایانەوە گرنگە یەكێتی ببێتەوە بەیەكێتییەكەی جاران، ئێمەش هەر چاوەڕوانی ئەوە لەبەستنی كۆنگرە دەكەین، یەكێتی نوێبوونەوە بێت، بەجۆرێك كۆمەڵێك گەنج بێنە پێشەوە رۆڵیان هەبێت لەسەركردایەتی‌و ئومێدمان هەیە كۆنگرە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو گلەییە ناوخۆیی‌و كەموكوڕییانەی هەبووە نەیهێڵێت.

ژیان: ئەو گلەییە ناوخۆییانە لەچییەوە سەرچاوەیان گرتبوو؟

ئاسۆ مامەند: نامەوێت بچمە تەواوی وردەكارییەكانەوە، بەڵام بۆشایی بەڕێز مام جەلال گرفتی دروستكرد، ئومێد دەكەین بەهۆی كۆنگرەوە ئەوانە نەهێڵین‌و یەكێتی لەگەڵ ئۆرگان‌و كادرو كەسانی دڵسۆزی خۆی ئاشت بكەینەوە، یەكێتییەك بێت لەئاست هەرێم‌و عێراق‌و ناوچەكە بێت.

لەگەڵ تەوافوق نیم بۆ دانان‌و دیاریكردنی كەسەكان لەپۆستەكاندا

ژیان: بەڕای بەڕێزت ئەو گۆڕانكارییانە چین بڕیارە لەكۆنگرەدا لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتییەوە بڕیاری لەسەر بدەن؟

ئاسۆ مامەند: گۆڕانكارییەكان لەئاستی خوارەوە تا سەرەوە دەگرێتەوە واتە تەواوی ئۆرگانەكانی حزب گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت، هەروەها ئەم شێوازی بەڕێوەبردنەی ئێستای یەكێتی تەقلیدییەو گۆڕانكاری تێدا دەكرێت بەجۆرێك لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ئێستادا یەكبگرێتەوە.

ژیان: وەك ئاشكرایە هەمیشە بۆ بەستنی كۆنگرەی حزبەكان پێشوەختە چەند رەشنوسێك ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی ئێوە وەك یەكێتی چەند رەشنوس ئامادەكراوە؟

ئاسۆ مامەند: كۆمەڵێك رەشنوس هەیە، بەڵام ئەوەی من دەیبینم ئەوانەی مەكتەبی رێكخستن‌و مەڵبەندەكان‌و ئەنجومەنی ناوەند تێكەڵكێش دەكرێن شتی باشیان تێدایە‌و دەتوانین سودیش لەپەیڕەوی ناوخۆ وەربگرین.

ژیان: هەندێكجار باس لەتەوافوق دەكرێت بۆ كۆنگرە، رای بەڕێزت لەسەر ئەوە چییە، تەوافوق بكرێت باشە، یاخود بەبێ تەوافوق بێت؟

ئاسۆ مامەند: تەوافوق بەمانای ئەوە نییە دانیشین كێ سەرۆكە‌و كێ جێگرە من لەگەڵ ئەوەمە تەوافوق هەبێت بۆ دانانی پێوەرێك بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی، بەجۆرێك لەبەرژەوەندی باڵای حزبەكەمان بێت، بەڵام لەگەڵ تەوافوق نیم بۆ دانان‌و دیاریكردنی كەسەكان لەپۆستەكاندا، دواجاریش دانانی هەموو كەسەكان لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە دەبێت.

ئامادەم دەرفەت بۆ گەنجەكانی دیكە بڕەخسێنم، پێموایە گرنگە هەندێك كەس بمێننەوە، بەڵام نابێت هەموو ئەو پۆستانە قۆرخ بكرێن 

ژیان: هێندەی ئاگاداربن گۆڕانكارییەكانی كۆنگرە لەئاستی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیدا چۆن دەبێت؟

ئاسۆ مامەند: گۆڕانكارییەكان هەموو ئۆرگانەكان دەگرێتەوە، من خۆم ئەندامی مەكتەبی سیاسیم‌و بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكم، پێشتریش وتمە ئامادەم دەرفەت بۆ گەنجەكانی دیكە بڕەخسێنم، پێموایە گرنگە هەندێك كەس بمێننەوە، بەڵام نابێت هەموو ئەو پۆستانە قۆرخ بكرێن‌و هەر ئەم دەموچاوانە یەكێتی بەڕێوەببەن، گەنجی باشمان هەیە رۆڵی گەورەیان هەبووە، بۆ نمونە لەكۆنگرەی پێشوو گەنجمان هێناوەتە پێشەوە ئێستا هەموومان شانازی پێوە دەكەین، چونكە رۆڵی زۆرباشی گێڕاوە، بۆیە گرنگە ئەو كەسانە بێنە پێشەوەو بەكردار لەناوەندی بڕیارداندان‌و دەستەی بەڕێوەبردندا بن.

ژیان: واتە قۆناغی داهاتوو ئەوە دەخوازێت گەنجان بێنە پێشەوە؟

ئاسۆ مامەند: بەڵێ، چونكە من بەلامەوە گرنگە یەكێتی بەهێز بكەینەوەو بیكەینەوە بەیەكێتیەكەی جاران، بۆیە دەبێت ئەو دەرفەتە بۆ ئەو گەنجانە بڕەخسێنین.

ژیان: لێرەو لەوێ باس لەدواخستنی كۆنگرە دەكرێت، زانیاری بەڕێزت لەسەر ئەو بابەتە چییە؟

ئاسۆ مامەند: كۆنگرە زەروریەتەو دەبێت بیبەستین، بەڵام ئەگەر دواش بخرێت ئەوا نابێت لەچەند رۆژێك زیاتر بێت، چونكە جاری وا هەیە كێشەی هونەری دێتە پێشەوە مەگەر شتی وا ببێت بۆ چەند رۆژێك دوابخرێت، ئەگەرنا دوا بخرێت ئەوا بۆ ماوەیەكی زۆر نییەو ئەوەشی باس دەكرێت بۆ دواخستن زیاتر قسەی راگەیاندنە.

لە كۆنگرەی پێشوو گەنجمان هێناوەتە پێشەوە ئێستا هەموومان شانازی پێوە دەكەین 

ژیان: وەك دەبینرێت جۆش‌و خرۆشێكی زۆر لەنێو ئەندام‌و كادری یەكێتی دەبینرێت بۆ بەستنی كۆنگرە ئایا ئەمانە لێتان قبوڵ دەكەن كۆنگرە دوا بخەن؟

ئاسۆ مامەند: ئەوەی دەیبینم خەمخۆری زۆر هەیە بۆ یەكێتی، لایان گرنگە كۆنگرە ببەستین بۆیە هەر پەرۆشییەك هەبێت لەو روانگەوەیە، ئەگەر نا كۆنگرە لەمەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند بڕیاری لێدراوە بۆیە دواناخرێت.

ژیان: یەكێتی لەدوای كۆنگرە چۆن مامەڵە لەگەڵ هێز‌و لایەنەكان سیاسییەكانی هەرێم دەكات؟

ئاسۆ مامەند: ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی ئێمە وەك ئەندامانی كۆنگرە وا بكەین یەكێتی بكەینەوە بەیەكێتییەكەی جاران‌و پێگەو قورسایی خۆی هەبێت، ئێمە لەگەڵ یەكڕیزین، بەڵام دەبێت یەكێتی ببێتەوە بەیەكێتییەكەی جاران.

داوا لەئەندامانی كۆنگرە دەكەم لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی هەڵەكانی رابردوو‌و لەپێناو گێڕانەوەی یەكێتی بۆ یەكێتییەكەی جاران‌و بەهێزبوونەوەی حزبەكەمان دەنگی خۆیان بدەن بەو كەسانەی لەخەمی پاراستنی یەكێتی‌و بەهێزبونیدان،

ژیان: ئاشكرایە یەكێتی پێگەی گەورەی لەكەركوك هەیە، یەكێتی بۆ دوای كۆنگرە چی بەرنامەیەكی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی‌و كەركوك هەیە؟

ئاسۆ مامەند: لەساڵانی رابردودا كەركوك بەقۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕی، بەڵام هەموو كەس شاهیدی ئەوە دەدات یەكێتی چی رۆڵێكی گەورەی لەو سنورە گێڕا بۆ پاراستنی كوردو ناوچەكە لەداعش‌و مەترسییەكانی، دواتریش بەداخەوە بەهۆی ئاكامەكانی ریفراندۆمەوە دۆخێكی نائارام هاتە كەركوك، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یەكێتی بڕیاری مانەوەیداو لەوێ مایەوە، كەركوك هەمیشە جێگای بایەخی گەورەی یەكێتی بووەو دوای كۆنگرەش بەهەمانشێوەی رابردو گرنگی‌و بایەخی زۆر بەكەركوك دەدات.

ژیان: چی داوایەكت لەئەندامانی كۆنگرەی یەكێتی هەیە؟

ئاسۆ مامەند: داوا لەئەندامانی كۆنگرە دەكەم لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی هەڵەكانی رابردوو‌و لەپێناو گێڕانەوەی یەكێتی بۆ یەكێتییەكەی جاران‌و بەهێزبوونەوەی حزبەكەمان دەنگی خۆیان بدەن بەو كەسانەی لەخەمی پاراستنی یەكێتی‌و بەهێزبونیدان، بزانن دەنگ بەكێ دەدەن، چونكە یەكێتی بەهێز بێتەوە ئەوا بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش بەرەو باشتر دەچێت، راستە ئێمە لەحكومەت هاوبەش بەشداربووین، بەڵام رەنگە لەهەندێك قۆناغدا پێگەی یەكێتی ئەو پێگەیە نەبووە تا بڕیار لەسەر شتێك بدات، تەنانەت هەندێك هەڵەی سیاسی وەك بڕیاری سەربەخۆیی ئابوریی‌و فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆیی دواجار قەیرانی دارایی بەسەر هەرێمدا هێنا‌و خەڵك باجەكەیدا، بەهۆی ئەوە بووە تەنها لایەنێك بڕیاری لەبارەوەداوە، بۆیە پێویستە لەبەر بەرژەوەندی گشتی خەڵك یەكێتی بەهێز بكەینەوە.

دەبێت یەكێتی ئیتر حزبی بڕیاردەر بێت

ژیان: لەئێستادا زۆرینەی بەرپرسانی یەكێتی باس لەوە دەكەن دوای كۆنگرە، حزبی بڕیار بەدەست دەبن‌و چیتر حزبێك نابێت شوێن بڕیاری سیاسی حزبی تر بكەوێت، رای بەڕیزتان لەو بارەیەوە چییە؟

ئاسۆ مامەند: خۆی ئەوە بابەتەكەیەو دەبێت یەكێتی ئیتر حزبی بڕیاردەر بێت‌و چی لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت ئەوە بكات، نەوەكو شتی لەسەر فەرز بكەن، بەڵكو دەبێت یەكێتی بەوجۆرە بێت ئێستا جەماوەرەكەی ئاواتی بۆ دەخوازین ئەگەر وای لێنەیەت ئەوا بۆچی كۆنگرە ببەستین.