دەستكار كێشانەوەی مەهدی پرسی رێككەوتنی دواخست

رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد لەنێوان حكومەت‌و پەرلەماندا

ژیان: تایبەت

ئەم هەفتەیە بۆ سێهەم جار شاندی باڵای هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغداد بۆ ڕێكەوتنی كۆتایی لەبارەی پرسی هەناردەكردنی نەوت‌و بودجەوە، بەگوێرەی ووتەی پەرلەمانتارێك، ئەگەر رێككەوتنەكە وەكو ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەكرێت بكرێت مانگانە نزیكەی یەك ترلیۆن دینار دێتە هەرێمی كوردستان.

لەدوای ساڵی ٢٠١٤ وە هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشت ئەمەش گرفتی گەورەی لەنێوان هەولێر‌و بەغداد هێنایە ئاراوە، بەڵام كۆتایی هەفتەی رابردوو دوای سەردانی شاندێكی باڵا بۆ بەغداد جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "وەفدی هەرێم‌و بەغداد گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی پرسی نەوت‌و بودجەوە".

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان هەرێمی كوردستان ڕازی بووە بەهەناردەكردنی نەوتی خۆی بەبڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، لەبەرامبەردا هەولێر بودجەی فعلی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەوەكەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد تائێستا ڕێكەوتنی كۆتایی لەبارەی ئەو پرسەوە نەكراوە ئەوەی هەیە لێكتێگەشتنێكی هاوبەش هەیە لەوبارەیەوە وتی "ئەم هەفتەیە بڕیارە ڕێكەوتن بكرێت، بەڵام ئایا سروشتی ڕێكەوتنەكە چۆنە ئەوكاتە ڕوون دەبێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوان وەكو پەرلەمانتارانی كورد لەپەرلەمانی عێراق چاودێری دۆخەكە دەكەن ئایا بزانن ڕێكەوتنەكە بای ئەوەندە هەیە كە پەرلەمانتاران لەپەرلەمانی عێراق پشگیری بكەن وتی "قسەكە لەبارەی دڵخۆشی ئێمەوە نیە، قسە لەبارەی ئەوەیە ئایا كورد سودی لەم رێككەوتنە هەیە یان نا؟، وە ئەوەی پەیوەستە بەئێمەوە ئەوەیە كە دۆخی خەڵك جێگیربێت".

نازانرێت قازانجی كورد لەرێككەوتنەكە چییە؟

هاوكات رەخنەش لەپلانی رابردووی هەرێمی كوردستان دەگرێت‌و ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ئەوەی پێشووتر نێچیرڤان بارزانی كردوویەتی، قاچاخی بووە، بەپێچەوانەوە وڵات بەدەستور‌و بەیاسا دەڕوات بەڕێوە، وتیشی "هەموومان باجی ئەو قۆناغەمان دا كە نێچیرڤان بارزانی نەوتی بەقاچاخ دەناردە دەرەوە".

بەگوێرەی زانیارییەكان سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەفتەی رابردوو بەشێكی پەیوەست بووە بەڕونكردەوە لەبارەی رێككەوتنی نەوتی نێوان هەولێر‌و بەغداد بۆ بەرپرسانی توركیا، بەو پێیەیی پێش كۆبونەوەی نێوان مەسرور بارزانی‌و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، ئەردۆگان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەبووە لەبارەی ئەوەپرسەوە قسەیان كردووە.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوە هەواڵیەكان، ئەردۆگان خواستی ئەوەیە رێككەوتنی نێوان هەولێر‌و بەغداد گرفت بۆ ڕێكەوتنی پەنجا ساڵەی توركیا‌و هەرێم دروست نەكات، هاوكاتی ئەوەش مافی كۆمپانیا توركیەكان زیانیان بەرنەكەوێت.

سەركەوت شەمس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر ئەوەكردەوە ئەو سكاڵایەی عێراق لەدژی توركیا لەوڵاتانی نادی پاریس ئەنجامدراوە گرفتە، بەڵام بێ ئاگادایی لەسەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی وتی "وردەكاری سەردانەكەمان لانیە".

ئەگەری بەهێز ئەوەیە كۆتایی ئەم هەفتەیە رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان هەولێر‌و بەغداد ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی پێشكەشكردنی نامەی دەست لەكار كێشانەوە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق پرسەكە ئەوەندەی تر ئاڵۆز بووە.

لەلایەكی تریش ئەوەی تائێستا دیارنیە ئەوەیە ئایا پەرلەمانی عێراق دەنگ بەم ڕێكەوتنە دەدات كە كراوە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق؟!

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی یاسایی‌و دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم پابەندی بەندەكانی ڕێكەوتن نابن بۆیە هەر ڕێكەوتنێكی سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت سەركەوتوو نابێت هەر وەك ئەوەی لەساڵانی ڕابردوودا لەنێوان هەرێم‌و بەغدا ڕوویداوە، وتیشی "ڕێگە نادەن زێدەمافی دارایی بەپارێزگاكانی هەرێم بدرێت".