چین سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ئەمریکا ڕاگەیاند


ژیان:

چین نیگەرانە لە پەسەندکردنی یاسایەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی دیموکراتخوازەکانی هۆنگ کۆنگ و هەر بەو هۆیەشەوە چین سزای نوێی بەسەر ئەمریکادا سەپاند.

وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: ئێمە نیگەرانین لەو یاسایەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەسەندی کردووە لەبارەی خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنگ.

ئاماژەی بەوەشکردووە: چیتر کەشتیە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕێگەیان پێنادرێت لە بەندەری هۆنگ کۆنگ لەنگەر بگرن.

هاوکات چەند ڕێکخراوێکی ئەمریکی دەخاتە ناو لیستی سزاکانەوە کە پەیوەندی بە ئابووری ئەو وڵاتەوە هەیە.

ئەو سزایانە بەشێک لە ڕێکخراوە نادەوڵەتیەکانی وەک ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ و ماڵی ئازاد دەگرێتەوە کە لە دیدگای چینەوە ڕەفتار و کاردانەوەی خراپیان لە خۆیان نیشان داوە.

ئەم سزایانەی چین بۆسەر ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەرەو نائارامیی زیاتر دەبات.