رێواز فایەق: بۆ گەیشتن بەرێككەوتن پێویستمان بەسازشی لایەنەكانە

نوسینەوەی دەستوری هەرێم گەیشتن بەرێككەوتن، یاخود خولێكی دیكەی ململانێی لایەنەكان دەبێت؟

ژیان: جیهاد جەلال

دوای نزیكەی 30ساڵ لەحكومڕانی كوردی هێشتا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نەیانتوانییوە رێككەوتن لەسەر نوسینەوەی دەستور بكەن، تاوەكو هاوشێوەی عێراق‌و وڵاتانی دیكە ئەویش ببێتە خاوەنی دەستوری خۆی، لەئێستاشدا پەرلەمان جارێكی دیكە دەیەوێت پرسی نوسینەوەی دەستور بخاتەوە بەرباس.

لەماوەی ساڵانی رابردودا چەندینجار ئەو پرسە بەشێوەی جیاواز باسی لێوەكراوەو هەوڵدراوە هەرێم ببێتە خاوەن دەستوری خۆی، تەنانەت لەپەرلەماندا دەستور پەسەندكراو دەنگی لەسەردرا، بەڵام قۆناغەكانی دواتری تێنەپەڕاندووە بۆیە هێشتا نەتوانراوە لەهەرێم دەستور جێگیربكرێت.

پرۆژەی دەستوری هەرێم، بەیاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008) پەسەندكراو بڕیاردرا لیژنەیەكی بۆ پێكبهێنرێت تاوەكو رەشنوسەكە ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت‌، دواتر لەماوەیەكی دیاریكراودا بخرێتە راپرسییەوە. ئەو پرۆژەیە جارێكی دیكە بەبڕیاری ژمارە (8)ی ساڵی (2009) لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرایەوە، بەوەش دووجار پرۆژە یاساكە هەمواركرایەوە.

هەروەها پەرلەمانی كوردستان لەخولی سێیەمدا لەرۆژی 30 حوزەیران، یاسای ژمارە (19)ی ساڵی (2013)ی دەركرد، بەیاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كوردستان ناسراوە. ماددەی دووەمی ئەم یاسایە جەختی لەوە كردۆتەوە پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بەسازان هەمواردەكرێتەوە تا بەرواری 19-8-2015. بەپێی ئەم ماددەیە، بەڵام دوای دوای چوار ساڵ لەو رێكەوتەش هێشتا كاری جددی لەسەر نەكراوە.

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان لەوتاری خۆی لەكردنەوەی خولی پایزەی پەرلەماندا لەسەرەتای مانگی نۆی ئەمساڵدا باسی لەوەكرد، هەوڵ بۆ هێنانە كایەی سازان دەدات تاوەكو كاربكەن بۆ بەكارخستنەوەی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم.

لە ماوەی رابردودشدا سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند، بەمەبەستی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنەكان لەسەر پرسی دەستور سەردانی لایەنەكانیان كردووەو حزبەكانیش بۆچوونیان باش لەسەر ئەوەی هەمووان لێكتێگەیشتنیان هەبێت بۆ دانانی دەستورێك بۆ هەرێم.

پێویستە دەستورێك بنوسینەوە گوزارشت لەسەرجەم خەڵكی هەرێم بكات

شوان كەریم، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ژیان وتی، دەستور رەهەندێكی نیشتیمانی هەیەو پێویستە هەموو لایەنەكانی بەشدار لەحكومەت‌و پەرلەمان بەئۆپۆزسیۆنیشەوە دەبێت تەوافق‌و رێككەوتنیان هەبێت تا پێكەوە دەستور بنوسنەوەو بەكۆی دەنگ دەنگی لەسەر بدەن

باسی لەوەشكرد، كەشوهەوای كاركردنی خولی ئێستای پەرلەمان لەخولی پێشوو زۆر باشترە‌و لێكتێگەیشتنی زیاتر هەیە بۆیە پێشبینی ئەوەی كرد بۆ نوسینەوەی دەستور هەموو لایەنەكان بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن‌و دەستورێك دابنێن هاوشێوەی دەستوری وڵاتانی پێشكەوتوو بێت.

رۆژی 27ی مانگی رابردوش ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بانگهێشتی زانكۆی كۆیە بۆ بەشداریكردن لەكۆنفرانسی بەرەو دەستورێكی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكردو باسی لەوەكرد، نزیكترین ڕێگە بۆ  گەیشتن بەنووسینی ڕەشنووسی دەستوور ئەوەیە خاڵی هاوبەشی جیاوازییەكان بدۆزرێتەوە‌و هەر لایەك سازش لەسەر هەندێك لەخواستەكانی بكات بۆ گەیشتن بەڕێكەوتن، بەمەرجێك سازش نەكرێت لەسەر ماف وئازادییەكان‌و ئایندەی پرۆسەی دیموكراسی‌و پێكەوە ژیان.

میكانیزمەكانی نوسینەوەی دەستور لەجیهاندا بەسێ قۆناغە قۆناغی یەكەم لیژنەیەك دەینوسێتەوە، قۆناغی دووەم لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، لەقۆناغی سێیەمیشدا دەخرێتە راپرسییەوە‌و لەلایەن خەڵكەوە دەنگی پێدەدرێت.

ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان هاوكات پەرلەمانتاری ئەو حزبەشە لەپەرلەمانی كوردستان باسی لەوەكرد، پێشنیاریان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە ئەو دەستورەی بۆ هەرێم دادەنرێت پێویستە تەوافوقی بێت، بەجۆرێك رەزامەندی هەموو لایەكی لەسەر بێت‌و پەیڕەوی زۆرینەو كەمینەی تێدا نەكرێت.

وتیشی، دەمانەوێت كاتێك دەستور نوسرایەوە كەمترین هەمواركردنەوەی بوێت‌و لەئاستی خواستی خەڵكدا بێت، گۆڕانیش هیچكات سازش لەسەر مەبادیئەكانی خۆی ناكات‌و لەسەر مەسەلەی حكومڕانی‌و بەڕێوەبردنی وڵات‌و ئازادی رادەبڕین‌و خەباتی مەدەنی ئەو چەمكانەن گۆڕان پابەندی قسەی خۆی دەبێت.

لای خۆشیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو‌و پەرلەمانتاری ئەو حزبە لەپەرلەمانی كوردستان باسی لەوەكرد، بەهیوان ئەم خولەی پەرلەمان هەرێم بكاتە خاوەنی دەستوری خۆی، بەجۆرێك ژیانی سیاسی رێكبخاتەوەو لەكێشەكانی رزگاری بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەندێك لەلایەنە سیاسییەكان بەهەمان نەفەسی رابردو كار بكەن ئەوە هەرگیز سازانی لەسەر دروست نابێت، بۆیە دەبێت هەموان جۆرێك لەسازشیان هەبێت تاوەكو بگەنە ڕێككەوتن بۆ نوسینەوەی دەستور.

وتیشی، گرنگە وانەمان لەرابردو وەرگرتبێت دەستورێك بنوسینەوە گوزارشت لەسەرجەم خەڵكی هەرێم بكات، نەك تەنها بەشێك لەهێزەكان، وە دەستورێك بێت هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە خۆیانی تێدا ببیننەوە.