کێشمەکێشەکانی نێوان شیعە و سوننە دەستیپێکرد

داوا دەکرێت کەسێک لەدەوەری شیعەکان بکرێتە سەرۆک وەزیران

ژیان:

داوایەکى هاوپەیمانى هێزە سوننییەکان لە پەرلەمانى عێراق، لەبارەى کاندیکردنى کەسێک لەدەرەوەى شیعەکان بۆ سەرۆک وەزیران کاردانەوەى لێکەوتەوە و مشتومڕێکى سیاسی دروستکردووە.

رەعد دەهلەكی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هێزە سوننییەکانلەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: مامەڵە و هەوڵی چەند لایەنێك رەچاوی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان ناكات  كە ئێستا مەزهەب گەراییان تێپەڕاندووە و ئەوانیش هەر بیر لە پشك پشكێنە دەكاتەوە.

دەشڵێت: ئەو لایەنانەى کە داواى ڕەتکردنەوەى پشک پشکێنەیان بەرزکردووەتەوە، ئەگەر دەیانەوێت ئەو دروشمەیان جێبەجێ بکەن، دەبێت کەسێک لەدەرەوەى شیعەکان بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکەن و ئەو پرسە بۆ گەل جێبهێڵن نەک هێزە سیاسییەکان.

هەر لە بەیاننامەکەی دەهلەکی هاتووە "سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر بنەمای مەزهەب گەرایی دابەشكراوە بەڵام خۆپیشاندەران ئەوە رەتدەكەنەوە و ئەوەش دروشمی سەرەكیان بووە هەر بۆیە پێویستە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكرێت".

پێشنیازەکەى ئەو پەرلەمانتارە، هاوکاتە لەگەڵ داواکان بۆ دیاریکردنى کەسێکى سەربەخۆو بێلایەن بۆ سەرۆک وەزیران کە لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ ەوە لە حکومەت و پەرلەمان پۆستى وەرنەگرتبێت.