عەلی حەمە ساڵح داوا دەکات کارەبای زێدەڕۆی ماڵی بەرپرسان ببڕدرێت


ژیان:

سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای بەدواداچونیان بۆ گرفتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆیان دەرکەوتوە بەهۆی دابیننەکردنی سوتەمەنی پێویست  ١٢ یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا کارناکەن، دەشڵێت پێویستە کارەبای زێدەڕۆی ماڵی بەرپرسان ببڕدرێت.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاند: دوای به‌دواداچون بۆ گرفتی کاره‌با و دابه‌‌شکردنی به‌سه‌ر پارێزگاکاندا له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی رابردودا  گه‌شتنه‌ چەند ئەنجامێک.

بەپێی ئەنجامەکان "ماوه‌ی سێ ساڵه‌ ڕێژه‌ی دابه‌شکردنی کاره‌بای کوردستان به‌سه‌ر پارێزگاکاندا به‌م شێوه‌یه‌ (هه‌ولێر ٤٢٪، سلێمانی و گه‌رمیان جگه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ٣٣.٥٪ و دهۆک ٢٤.٤٪)، هەروەها به‌تێکڕای به‌کارهێنانی کاره‌با له‌ ڕۆژێکدا بۆ هه‌ولێر ١٠٤٩ مێگاواتە و سلێمانی ٧٥٥ مێگاوات و دهۆک ٥٧٤ مێگاواتە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، گرفتێکی دیکە بەدەستنەگەشتی کارەبای پێویستە بە ماڵان بەجۆرێک، "به‌هۆی لێچون و دزی بەجۆرێک نزیکه‌ی ١٣٪ کاره‌با به‌هۆی سیستمی دابه‌شکردن و گواستنه‌وه‌(ته‌کنیکی) به‌فیڕۆ ده‌چێت و نزیکه‌ی ١٥٪ به‌ شێوه‌ی زیاده‌ڕه‌وی ده‌برێت، واته‌ ئه‌و شوێن و ماڵانه‌ هیچ سه‌عاتێکی کاره‌بایان نیه‌، هەروەها نزیکه‌ی ١٠٪ کاره‌با له‌ پشتی سه‌عاته‌وه‌ له‌ ماڵانو شوێنەکانی دیکە ده‌دزێت, واته‌: نزیکه‌ی ٣٨٪ کاره‌بای به‌رهه‌مهێنراو به‌م سێ ڕێگا به‌فیڕۆ ده‌چێت و ده‌بردرێت".

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح لەبەشێکی دیکەی نوسراوەکەیدا دەڵێت: دوای راوێژ لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ گەشتونە ئەو بڕوایەی چارەسەری کێشەی کارەبا لە سێ رێگاوە دەکرێت ئەوانیش "ته‌جاوزو زیاده‌ ڕه‌ویه‌کان و ماڵ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی کاره‌بای به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ ببڕدرێت، هەورەها پێوه‌ری زیره‌ک ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه‌و تائێستا له‌ یه‌ک ملیۆن و ٧٥ هه‌زار به‌شداربوو بۆ ٦٧ هه‌زاری به‌ستراوه‌و بڕیاره‌ مانگی ٢ی ٢٠٢١ ته‌واو ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە به‌رهه‌می غازی سروشتی بۆ به‌کارخستنی سه‌رجه‌م یه‌که‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با زیاتر بکرێت".