سەلاحەدین دەمیرتاش رەوانەی نەخۆشخانە كرا


ژیان:

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گەلان( هەدەپە) بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەلایەن هەدەپە و داواکردنی گواستنەوەی دەمیرتاش بۆ نەخۆشخانە، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی هەدەپە، ئەمرۆ لەدوای رێکخسنی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەمیرتاش و چەند ئەندامێکی هەدەپە و پزیشکە تایبەتەکەی دەمیرتاش، بڕیاردراوە بە گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و پشکنینی پێویست.

پێشتر خوشكی سەلاحەدین دەمیرتاش و پارێزەری تایبەتی سەلاحەدین دەمیرتاش رایانگەیاند، ناوبراو لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا دۆخی تەندروستی تێکچووەوە توشی تەنگەنەفەسی هاتووە لە زینداندا.

ئاماژە بەوەشکراوە؛ دەمیرتاش بۆ چەند کاتژمێرێک بووراوەتەوە و داوا کراوە کە ناوبراو ببەنە نەخۆشخانە بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگەیان نەداوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش ماوەی سێ ساڵە، بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکراوە و پێشتر داواکاری گشتی تورکیا داوایکردبوو ١٤٠ ساڵ زیندانی بەسەر دەمیرتاشدا بسەپێندرێت بە تۆمەتی "پشتگیری کردنی تیرۆر".