لیژنەی یاسایی پەرلەمان بۆ ژیان: پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەرپرسن لە بە هەمیشەیکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست


ژیان: کۆچەر عەزیز
بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەرپرسن لە بە هەمیشەیکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست نەک لایەنەکانی دیکە.

جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەیی یاسای پەرلەمانی کوردستان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیار دەدات کە چاوەروانی حکومەت بکات بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووم بۆ پرۆژە یاسای فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت نەک لیژنەی یاسایی، ئەگەر دەستەی سەرۆکایەتی بیخاتە بەرنامەی کارەوە ئەوا ئەوان وەک لیژنەی یاسایی  راپۆرت بۆ خوێندنەوەی دووەم ئامادە دەکەن.

وتیشی: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە بکرێت، بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوەی دەستەی سەرکایەتی پەرلەمان بڕیاری لێبدات نەک لیژنەی یاسایی، چونکە ئەوان خاوەن بڕیارن.

ئاماژەی بەوەشکرد" ئێمە وەک لیژنەی یاسایی ١١ کەسین ئەگەر سەرجەممان داوابکەین ئەگەر دەستەی سەرۆکایەتی نەیخاتە  بەرنامەی کارەوە، ئێمە رۆڵ نابین و  بەڵکو حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان رۆڵ دەبینن".

"ئەگەر نیەت هەبێت بۆ کردنی کارەکە ئەوا بە یەک تەلەفون سەرۆکی پەرلەمان و حکومەت یان وەزیری دارایی و سەرۆکی پەرلەمان دەتوانن بڕیاری لێبدەن، پێویستی بە هیچ نوسراوی دیکە نییە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت کێشەی بۆ دروست بکەن ئەگەر دە نوسراوی دیکە بکرێت ئەوا ناکرێت" جەلال محەمەد وای وت.

دەشڵێت: گۆڕان و پارتی و یەکێتی کە لە حکومەت و پەرلەمانن دەتوانن بڕیاربدەن و فەرمانبەرانی گرێبەست لەو دودڵێیە رزگار بکەن، بەڵام ئەگەر نەشکرێت ئەوا ئەوان بەرپرسیارین نەک لایەنەکانی دیکە".