ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ: چه‌كى بێ مۆڵه‌ت‌و قه‌یرانى دارایی‌و ناسه‌قامگیرى هۆكارن بۆ زۆربونی کوشتن


ژیان: هه‌ڤاڵ غالب 
ده‌مه‌و ئێواره‌ى رۆژى 22تشرینى دووه‌م له‌ناو یه‌كێك له‌پاركه‌كانى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ گه‌نجێك به‌ناوى هه‌ڵوێست حوسامه‌دین به‌چه‌قۆ له‌لایه‌ن گه‌نجێكى هاوته‌مه‌نى خۆیه‌وه‌ كوژرا، ئه‌وه‌ دووه‌م حاڵه‌تى كوشتن بوو له‌و قه‌زایه‌ له‌ماوه‌ى ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌دا‌و چواره‌م حاڵه‌تى كوشتن بوو له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى دواى ئه‌وه‌ى له‌رانیه‌‌و كه‌لاریش هه‌مان حاڵه‌ت روویدا.

شه‌وى دواتر قائیمقامیه‌تى چه‌مچه‌ماڵ له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ست به‌سه‌ربوونى بكوژى هه‌ڵوێست حوسامه‌دینى راگه‌یاند، گه‌نجێكه‌ به‌ناوى ( ك س ع)‌و دانیشتوى هه‌مان قه‌زایه‌ ته‌مه‌نى 1999یه‌.

ئاسایشى چه‌مچه‌ماڵ دواى ئه‌و رووداوه‌ هه‌ڵمه‌تێكى له‌كافتریا‌و باخچه‌كان‌و بازاڕدا ده‌ست پێكرد‌و ده‌ستى به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆر چه‌قۆ‌و دامبۆكس‌و ئامرازه‌كانى شه‌ڕدا گرت، به‌ڵام تا ئێستا له‌بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا چه‌قۆ به‌هه‌موو ته‌مه‌نێك ده‌فرۆشرێت.

محه‌مه‌د گۆمه‌شینى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ بۆ ژیان وتى "به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هۆكاره‌كان زۆرن بۆ زیادبوون یان به‌رده‌وامى تاوانه‌كانى كوشتن له‌وانه‌ بوونى چه‌ك له‌ده‌ستى هاوڵاتى یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كان ئه‌وه‌ش به‌ئاشكرا ده‌بینرێت هێشتا كۆنترۆڵى چه‌كى نایاسایی‌و بازاره‌كانى چه‌ك فرۆشتن نه‌كراوه‌، هۆكارى دووه‌م ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ى له‌ناوچه‌كه‌ به‌گشتى‌و عێراق به‌تایبه‌ت هه‌یه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر هاوڵاتیانى ئێمه‌ش ده‌بێت، هۆكارى سێیه‌م جێبه‌جێ نه‌بوونى یاسا‌و هه‌ندێك كه‌س له‌یاسا ده‌رباز ده‌بن‌و ناگیرێن، هۆكارى چواره‌م قه‌یرانى ئابورى‌و دارایی تائێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌كوردستان ناكۆكى هه‌یه‌ له‌نێوان خاوه‌ن قه‌رز‌و خه‌ڵك، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆكارن".

به‌وته‌ى وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ، ئاماره‌كانى كوشتن لاى پۆلیسن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان تایبه‌تمه‌ندن به‌بابه‌ته‌كه‌.

پێویسته‌ دایكان‌و باوكان رۆڵى خۆیان به‌ته‌واوى بگێڕن له‌په‌روه‌رده‌و فێركردنى منداڵه‌كانیاندا

ده‌رباره‌ى ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى ده‌سته‌كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى كوست ناویه‌تى محه‌مه‌د گۆمه‌شینى باسى له‌وه‌كرد، ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى چاودێرین نه‌ك ته‌نفیزى، بۆیه‌ نوسراوه‌كان ئاراسته‌ى په‌رله‌مان، وه‌زاره‌تى ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌‌و كردووه‌ هه‌ریه‌كه‌و به‌پێى ئه‌ركى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌، بۆنمونه‌ داوامان له‌په‌رله‌مان كردووه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى مۆڵه‌ت پێدانى چه‌ك، بۆ بابه‌تى كۆنترۆڵكردنى بازاڕه‌كانى چه‌ك په‌یوه‌ندى به‌ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌یه‌ بابه‌تى سیسته‌مى پاشه‌كه‌ن ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، داواى هه‌موومان كردووه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌رخه‌ت بوینه‌ هه‌ندێكى چاككراوه‌‌و هه‌ندێكى له‌نیوه‌ى رێگایه‌ هه‌ندێكى چاك نه‌كراوه‌‌و سستى پێوه‌ دیاره‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ په‌یامى خۆمان گه‌یاندووه‌.

"چاككردنى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت‌و هه‌ڵمه‌ته‌كانى پۆلیس بۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى چه‌كى بێ مۆڵه‌ت به‌دانانى بازگه‌‌و چونه‌ سه‌ر كافتریاكان كاریگه‌رى هه‌بوو ، ئێمه‌ داواى به‌رده‌وامى ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌مان كردووه‌ چونكه‌ ساڵى پار دواى هه‌ڵمه‌تێكى 15 رۆژه‌مان له‌زۆربه‌ى شاره‌كان كاریگه‌رى هه‌بوو له‌هه‌ولێر 150 چه‌ك ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا " محه‌مه‌د گۆمه‌شینى واى وت.

بەهۆی جێبه‌جێ نه‌بوونى یاسا‌وە هه‌ندێك كه‌س له‌یاسا ده‌رباز ده‌بن‌و ده‌ستگیرناكرێن

كۆمه‌ڵناسێك هۆكاره‌كانى زیادبوونى كوشتن بۆ دیارده‌ى چه‌ك هه‌ڵگرتن‌و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان‌و سوڵحى عه‌شایه‌رى‌و لاوازى رۆڵى پۆلیس‌و دادگا ده‌گێڕێـته‌وه‌ .

بێستون ره‌حیم، هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌كۆمه‌ڵناسى‌و چالاكى گه‌شه‌پێدانى مرۆیی بۆ ژیان وتى "هۆكاره‌كانى زیادبوونى حاڵه‌ته‌كانى كوشتن بۆ بوونى دیارده‌ى چه‌ك هه‌لگرتن‌و كرین‌و فروشتن به‌ئاشكرا، هه‌روه‌ها خاونداریتى چه‌ك له‌به‌شیكى زۆر له‌ماڵه‌كاندا‌و به‌كارهێنانى یاریه‌ ئه‌لیكرتونیه‌كان وه‌كو (پوبجى) كوشتنى له‌میشكى تاكه‌كاندا ئاسایى كردوته‌وه‌‌و بوونى توندوتیژى خێزانى‌و گواستنه‌وه‌ى بۆ نه‌وه‌كان، هه‌روه‌ها ململانى سیاسى‌و داڵده‌دانى كه‌سانى بكوژ له‌لایه‌ن حزب‌و خاوه‌ن‌و عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌".
باسى له‌وه‌شكرد، چه‌ند هۆكارێكى دیكه‌ش هه‌ن بۆ زیادبوونى حاڵه‌ته‌كان له‌وانه‌ ململانى كومه‌ڵایه‌تى له‌نیوان چینه‌ كومه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ ره‌گێكى له‌میژینه‌ى هه‌یه‌‌و لاوازى رولى دادگاكان له‌یه‌كلایكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كان, ده‌ست تیوه‌ردانیان  له‌لایه‌ن حزب‌و كه‌سانى خاوه‌ن هیزه‌وه‌، هه‌روه‌ها سوڵحى عه‌شایه‌رى‌و یه‌كلایكردنه‌وه‌ى كیشه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى داداگاكان, زور جار كیشه‌كان دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌‌و لاوازى رۆڵى پولیس‌و ئاسایش له‌ده‌ست گیركردنى كه‌سانى تومه‌تباردا.

به‌پێى بیروڕاى زۆربه‌ى زانیان هیچ كه‌سێك به‌تاوانبارى له‌دایك نابێت، به‌ڵكو چه‌ندین فاكته‌ره‌ جیاوازه‌كان وا له‌تاك ده‌كات ببێته‌ كه‌سێكى تاوانبار، به‌بڕواى ئه‌و كۆمه‌ڵناسه‌ پاڵنه‌ره‌كانى پشت كه‌سانى بكوژ زۆرن له‌وانه‌، گه‌وره‌بوونى تاك له‌ژینگه‌ى كومه‌ڵایه‌تى توندو تیژدا وه‌كو خێزان‌و هاورێ‌و به‌كارهێنانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان وه‌كو كحول، تلیاك‌و حه‌شیشه‌، هه‌روه‌ها تێكچوونى بارى ده‌روونى تاك‌و چاره‌سه‌رنه‌كردنیان له‌له‌لایه‌ن كه‌سانى پسپۆره‌وه‌‌و كه‌مى هۆشیارى تاك, له‌ریزگرتن له‌خودو كه‌سانى تر، بێ باك بوونى تاوانبار له‌دادگا‌و حكومه‌ت، چونكه‌ له‌لایه‌ن حزب‌و كه‌سانى عه‌شیره‌ته‌وه‌ ده‌پاریزرین، رووبه‌رووى سزا نابنه‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئازادكردنى كه‌سانى تاوانبار, به‌بى ئه‌وه‌ى له‌زیندانه‌كاندا كارى دووباره‌ راهینانه‌وه‌ى ده‌روونى كومه‌لایه‌تیان بو بكریت پیش ئازاد كردنیان بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر تاوان ئه‌نجام نه‌ده‌نه‌وه‌‌و به‌كارهینانى یاریه‌ ئه‌لیكرتونیه‌ توندوتیژه‌كان وه‌ك پوبجى‌و هاوشێوه‌كانى‌و سه‌یركردنى فلیمه‌ توندو تیژه‌كان, وا له‌گه‌نجه‌كان ده‌كات به‌شێوه‌ى خۆنه‌ویستانه‌ له‌سه‌ر تاوان راى ده‌هێنیت‌و لاسایى ئه‌و توندو تیژانه‌ بكه‌نه‌وه‌.

به‌ بڕواى كۆمه‌ڵناسان میكانزمه‌كانى رێگریكردن له‌تاوانى كوشتن بریتین له‌سه‌ربه‌خۆ بوونى دادگاكان، بتوانن روڵى ته‌واوى خویان ببین له‌یه‌كلایكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كان. هه‌روه‌ها بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیارى مرۆى له‌نێوان چین‌و تویژه‌ جیاوازه‌كاندا‌و گرنگى دان به‌روڵى تویژه‌ره‌ ده‌رونى‌و كومه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌سه‌رجه‌م سیكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا تا بتوانن رینماى ده‌رونى كۆمه‌ڵایه‌تى بڵاوبكه‌نه‌وه‌‌و سزادانى كه‌سانى تاوانبار به‌شیوه‌یه‌ك بیت كه‌سانى تر جورئه‌تى ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن تاوان ئه‌نجام بده‌ن.

"ریگریكردن له‌به‌كارهینانى یاریه‌ ئه‌لیكترونیه‌ توندو تیژه‌كان, به‌یه‌كیك له‌هۆكاره‌سه‌ركیه‌كانى دیارده‌ى كوشتن داده‌نریت، كونتروڵكردنى كافتریا‌و چایخانه‌و شوینه‌كانى ترى هاوشێوه‌، هۆكارى لادانى گه‌نجانه‌‌و توشبونیانه‌ به‌نیرگه‌له‌و جگه‌ره‌و ماده‌ كحوله‌كان له‌رێگا چاره‌كانى ترن.

داوا له‌په‌رله‌مان كراوه‌ یاسایى مۆڵه‌ت پێدانى چه‌ك هه‌موار بكاته‌وه‌

كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندى‌و سوشیال میدیا له‌ئیستادا به‌سه‌رچاوه‌ى زانیارى تاكه‌كان داده‌نریت، بویه‌ پیویسته‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌كار بهێنریت زیان به‌كۆمه‌ڵگا نه‌گه‌یه‌نێت.
بێستون ره‌حیم ده‌ڵێـت، له‌راستیدا ته‌نها به‌شێكى كه‌م له‌كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن به‌رنامه‌ى جوان‌و به‌پێزو پڕ له‌زانست‌و زانیارى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن به‌په‌نجه‌ى ده‌ست ده‌ژمێردرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌شیكى زۆرى جۆره‌ها فیلم‌و ئه‌فلام كارتۆن‌و به‌رنامه‌ى توندو تیژ پێشكه‌ش به‌هاونیشتمانان ده‌كه‌ن به‌بێ چاودێرى، جێگه‌ى داخه‌و پیویستى به‌پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌زاره‌تى روشنبیرى ده‌بێت رۆلێكى باش ببینێت له‌چاودێركردنى كه‌ناڵه‌كاندا له‌ریگه‌ى كه‌سانى پسپورى ده‌روونى‌و كومه‌ڵایه‌تى یه‌وه‌.
خێزان لانكه‌ى په‌روه‌رده‌و فێركردنى نه‌وه‌كانه‌، پێویسته‌ له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م دام‌و ده‌زگاكانه‌وه‌ به‌گرنگیه‌وه‌ له‌ڕوڵى خێزان بروانن‌و هاوكاریان بن.

پێویسته‌ دایكان‌و باوكان ڕۆڵى خۆیان به‌ته‌واوى بگێڕن له‌په‌روه‌رده‌و فێركردنى منداڵه‌كانیاندا وه‌كو (هۆشیاركردنه‌وه‌یان له‌دیارده‌كانى توندو تیژى، مادده‌ هوشبه‌ره‌كان، دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌كه‌سانى خراپ، چۆنیه‌تى به‌كارهێنانى یاریه‌ ئه‌لیكرتونیه‌كان، ریكخستنى كاته‌كانى به‌كارهینانى سۆشیال میدیا، خوێندن‌و خویندنه‌وه‌، چاودێرى كردنیان له‌چوونیان بۆكافتریاكان.