سپیدە قولیان، ئەو کچەی هەموو رۆژێک پەلکێشی زیندان دەکرێت


ژیان:

سپیدە قولیان، ئەو کچە چالاکوانە ئێرانییەی لە ئێستادا لە شەقامەکانی وڵاتەکەی شانازی پێوە دەکەن و بووەتە خانمێکی خۆشناو لەسەر زاری پیر و گەنج و منداڵ و چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە.

سپیدە قولیان چالاکوانی مەدەنی و زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٩٩٦ لە دیزفوڵ لەدایکبووە و لە خۆپیشاندانە کرێکارییەکانی ساڵی ٢٠١٨ لە خوزستان لەگەڵ ئیسماعیل بەخشی چالاکوانی کرێکاری و چەند کرێکارێکی دیکەی کارگەی هەفت تەپە دەستگیرکرا، ناوبراو لە ٢٨-٤-٢٠١٩ گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێوین.

بەپێی هەواڵی هێرانای تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ لە ئێران، یەکەمین جار سپیدە لە ساڵی ٢٠١٦ کە ئەوکات خوێندکاری زانکۆ بوو لە ماڵی باوکی دەستگیرکرا و بۆ شوێنیکی نادیار گوازرایەوە، کە بەوتەی ئەندامانی خێزانەکەی بەهۆی چالاکییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەستگیرکرا و سەرەتای دەستپێکی چالاکوانی مەدەنیی بوو.

دوای ئازادبوونی لە زیندان، جارێکی دیکە سپیدە لە خۆپیشاندانە نارەزایەتتیەکانی کرێکارانی هەفتەپە دەستگیر کرایەوە، ناوبراو لەگەڵ نوێنەری کرێکارانی کارگەی هەفت تەپە دوای دەستگیرکرانی گوازرایەوە بۆ ئەهواز.

قولیان: هێزەکانی ئیتڵاعات پێیان راگەیاندووە کە تەنیا لەئەگەری قبوڵکردنی هەڕەشەی سێکسی ئازادی دەکەن، ئەوان لە کاتی ئەشکەنجەدا ئیسماعیل بەخشیان ناچارکرد کە جنێو بەخۆی بدات.

لە ١٨-١٢-٢٠١٨ ناوەندەکانی هەواڵ، باسیان لە ئازادکردنی سپیدە کرد کە دوای یەک مانگ لە دەستگیرکردنی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەن ئازادکرا.

سپیدە قولیان پاش ئازادکرانی لە زیندان باسی لەو ئازار و ئەشکەنجانە کرد کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرامبەری کراوە، ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی، خۆی و ئیمساعیل بەخشی لە سەرەتای دەستگیرکردنیانەوە سووکایەتیان پێکراوە و ئەشکەنجە دراون و وتیشی کە ئامادەیە لە دادگا هەموو ئەو رەفتارانەی لە زیندان بەرامبەریان کراوە ئاشکرا بکات.

قولیان لە توتێکی دیکەدا نووسیویەتی؛ هێزەکانی ئیتڵاعات پێیان راگەیاندووە کە تەنیا لەئەگەری قبوڵکردنی هەڕەشەی سێکسی ئازادی دەکەن، ئەوان لە کاتی ئەشکەنجەدا ئیسماعیل بەخشیان ناچارکرد کە جنێو بەخۆی بدات.

پاش ماوەیەک لە دەستگیرکرانی سپیدە کەناڵی فەرمی ئێران راپۆرتێکی بەناونیشانی "تەڕاحی سووتاو" لەگەڵ دانپێدانانی بەشێک لە کرێکارە دەستگیرکراوەکان بڵاوکردەوە و وای نیشاندا کە ئەو کرێکارانە سەر بە گروپە کۆمەنیستییەکانن، بەڵام دوای ئازادکردنیان ئەو کرێکارانە دانیان بەوەدا نا کە لەژێر ئازار و ئەشکەنجە کەو راپۆرتەیان پێ ئامادەکردوون.

لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە گەلانی ئێران لەدژی گرانکردنی نرخی بەنزین، ئەگەرچی سپیدە قلیان ماوەیەکی کەم بوو ئازادکرابوو، بەڵام دووبارە لەگەڵ هاوڕێکانی گەڕانەوە سەرشەقام وداوای نان و کار و ئازادی کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ڕاپێچی بەندیخانەی بکەنەوە و هەڕەشەی کوشتنی لێبکەن.

دواجار و دوێنی سێشەممە سپیدە قولیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی جارێکی دیکە لە بەندیخانە ئازاد بوو.

سپیدە قولیان بەو تەمەنە کەمە و ئەزموونەی بۆخۆی لەسەری بەردەوام بوو لەئێستادا لەسەر ئاستی ئێران و جیهانیش ناوێکی دیارە و بەوتەی خۆی بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی گەر هەموو رۆژێکیشی لە بەندیخانە بەسەر ببات.