فەتوایەک لەسەر بەکارهێنانی تاکسی لەلایەن ژنانەوە دەرکرا


ژیان:
ئەنجومەنی باڵای فەتوای سەر بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان فەتوایەکی تایبەتی دەربارەی حوکمی سەرکەوتنی ژنان لەگەڵ تاکسیدا بڵاوکردەوە رایگەیاند، ده‌رچونی ئافره‌ت له‌گەڵ مه‌حره‌می خۆیدا له‌هه‌ر كات و شوێنێك بێت دروسته‌، به‌ڵام شۆفێری ئافره‌ت دروست نییه‌ نه‌فه‌ری پیاو هه‌ڵبگرێت.

لە فەتواکەدا ئاماژە بەوەکراوە" کاتیک دروست و شەرعیە کە ئافرەت تاکسی بەکاربهێنێت کە لەگەڵ هاوسەر یاخود مەحرەم یاخود هاوڕێیەکی خۆى بێت یان شۆفێری تەکسییەکە ئافرەت بێت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە دروست نییە ئافرەت لەگەڵ شۆفێرێکی تەکسیدا سەربکەوێت بە تەنها".

بەگوێرەى فەتواکە، دروست نییە پیاو وەکو نەفەر لەگەڵ شۆفێری تاکسی ئافرەت سەربکەوێت، هەروەها دروستیش نییە ئافرەت بۆ دەرەوەی شارەکەی خۆی  بەتەنها لەگەڵ شۆفێرێکی تەکسی بچێت، بەڵام ئەگەر لە دۆخێکدا ناچار بوو، وە لە نەفسی خۆی دڵنیا بوو دەتوانێت لەگەڵ شۆفێری تاکسی سەربکەوێت بە مەرجێک دەبێت لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکە دابنیشێت.