بڵێسە جەبار فەرمان: لیژنەی فەتوا لە جیاتی پارێزگاریکردن لە ژن فەتوا دژی ئازادی ژن دەردەکات


ژیان: 

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەخنە لە رونکردنەوەی لیژنەی فەتوا دەگرێت و دەڵێت" لیژنەکە لەجیاتی بەشداریکردنیان لەهەڵمەتی رووبەرووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان خۆیان دەبنە بەشێک لەهاندانی توندوتیژی".

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک  نوسینێکی بە ناوی "فتوایەکی مەترسیدارو نایاسایی" بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت" ئەنجومەنی باڵای فتوا لەجیاتی داوای جێبەجێکردنی یاسا دژی ئەوانەی سوکایەتی بە ژن دەکەن لە ناو تاکسی و لە شوێنە گشتیەکان، فەتوا دژی ئازادی ژن و دژی سەربەستیەکانی ژن دەردەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەبەغدا مەرجەعیەت پشتیوانی ژنان و پیاوان دەکەن لە داوای عەدالەت و ئازادی و دژایەتی ستەم لە کوردستانیش ئەنجومەنی باڵای فتوا رووبەڕووی کۆمەڵگاو ژن دەبێتەوە لە جیاتی دژی ئەو هەموو ستەمە بێت کە لە خەڵک دەکرێ".

هەروەها نوسیویەتی" لەجیاتی بەشداریکردنیان لەهەڵمەتی رووبەرووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان خۆیان دەبنە بەشێک لەهاندانی توندوتیژی، ئەمە لە کاتێکدایە یاساکانی کوردستان و دەستوری هەمیشەیی عیراق مافی بە ژن داوە بژی و زیانی بۆ کۆمەڵگاو نەریتی کۆمەڵایەتی نەبێت، بەڵام ئەم بەیاننامەی فەتواکاران پێچەوانەی یاساکار پێکراوەکان و دەستوریشە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایەک ئاڕستەی زانایانی ئاینی و مەلاکان دەکات و دەڵێت" هیوادارم ئەم ناحەقیە قبوڵ نەکەن و ئەوان لە جیاتی ژنان بێنە دەنگ و ئەنجومەنی باڵای فتواش پەشیمان ببنەوە لە نوسراوەکەیان".