KNN شەش مووچەی كارمەندەكانی قەرزارە

لەگەڵ گەڕانەوەی چیا نەوشیروان مستەفا خۆپیشاندان دەكەن

ژیان: تایبەت

كەناڵی KNN سەر بەكۆمپانیای وشە شەش مووچەی كارمەندەكانی قەرزارە، بڕیار بوو دوێنێ خۆپیشاندان لەپێش ماڵی چیا نەوشیروان مستەفا ئەنجامبدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەدەرەوەی كوردستانە خۆپیشاندانەكە دواخرا تاكاتی گەڕانەوەی.

هەرچەندە تۆڕی هەواڵی كوردی(KNN) داخراوە، بەڵام شەش مووچەی كارمەندانی قەرزارەو تاوەكو ئێستاش ئەو شەش مووچە نەدراوە.

كارمەندێكی KNN  بۆ ژیان وتی "زیاتر لە دوو سەد كارمەندین شەش مووچەمان وەرنەگرتووە، كە سێ مووچە هی ساڵی 2016 و سێ مووچەش هی سالچی 2019، یە".

ئەو كارمەندە وتیشی، چەندین جار لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای وشە‌و بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان قسەمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو شەش مووچەییەمان پێبدرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا گوێیان پێنەداوین.

بەپێی زانیاری دەست ژیان كەوتووە، بڕیار بوو دوێنێ شەممە، خۆپیشاندانی لەبەردەم ماڵی چیا نەوشیروان مستەفا ئەنجامبدرێت، چەند خێمەیەكیش ئامادەكرابوون بۆئەوەی بەردەوامی بەخۆپیشاندانەكە بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا لەدەرەوەی وڵاتە بۆیە خۆپیشاندانەكە دواخرا.

ئەو كارمەندە باسی لەوەشكرد، گروپێكمان دروست كردووە، بۆئەوەی فشار بخەینە سەر بەرپرسانی گۆڕان بۆ پێدانی ئەو مووچانە، بەڵام گوێمان پێنادرێت.

تۆڕی هەواڵی كوردی(KNN) لە ئێستادا داخراوە، بەڵام لەهەوڵدان بۆ كردنەوەی كەناڵێكی تر، لەچەند رۆژی رابردووش عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان‌و بەرپرسانی تری بزووتنەوەكە سەردانی باڵەخانەی پێشووی كەناڵی KNN یان كردوو، بەمەبەستی ئاگاداربوون لەبەڕێوەچوونی كارەكانی كەناڵە نوێیەكە.

كارمەندەكەی كەناڵی KNN باسی لەوەشكرد، بە بەرپرسانی گۆڕانیان وتووە، بۆچی شەش مووچەی ئێمە نادەن لەكاتێكدا كاردەكەن بۆ ئەوەی كەناڵێكی تر بكەنەوە.