قادری حاجی عەلی بۆ ژیان: دەبێت خەڵكی كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە دروست بكات

لەهەرێم بەهێمنی كار بۆ دروستكردنی حزبێكی نوێی ئۆپۆزسیۆن دەكرێت

ژیان: جیهاد جەلال

(یەكێك لەڕێگا گونجاوەكان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لەدەرەوەی ئەم پەرلەمان‌و حكومەت‌و حیزبانە، خەڵكی كوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە دروستبكات)، ئەمە بەشێكە لەو وتارەی رۆژی دووی ئەم مانگە قادری حاجی عەلی كەسی دووەمی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی دۆخی هەرێمەوە نوسی بووی.

قادری حاجی عەلی سەركردەی پێشووتری یەكێتی‌و كەسی دووەمی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، ماوەی چەند ساڵێكە وازی لەگۆڕان هێناوە لەنوێترین وتاریدا بەناوی چۆن لەم دۆخە تێبگەین، بەروونی باس لەپێویستی دروستبوونی حزبێكی نوێ بەگڕوتینی ئۆپۆزسیۆنەوە دەكات‌و دەڵێت، هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەكی لاوازی (نا) دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەكەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی كردو كۆتایی بەقۆناغێكی گرنگ لەچاوەڕانی دونیایەكی باشتر هێنا.

ناوەڕۆكی وتارەكەی قادری حاجی عەلی بەئاشكرا باس لەپێویستی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن دەكات، شرۆڤەكارانی سیاسیش باس لەوە دەكەن، وتارەكەی ناوبراو ئامادەكارییە بۆئەوەی جارێكی دیكە بێتەوە ناو كایەی سیاسی بەجۆرێك بیەوێت ئۆپۆزسیۆنێكی نوێ لەهەرێم دروست بكات.

بەپێی زانیارییەكانی ژیان، هەریەكە لەقادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود پێشتر لەدامەزرێنەرانی گۆڕان بوون، دوای دووركەوتنەوەو بێهیوابوونیان لەگۆڕان لەئێستادا دەیانەوێت دەست بەكاری سیاسی بكەنەوە، بۆیە ناوبەناو لەرێگەی وتارەكانیانەوە بۆچوونی خۆیان بڵاودەكەنەوەو نزیك دەبنەوە لەو كەسانەی هاوشێوەی ئەوان لەگۆڕان‌و كاری حزبایەتی ناڕازیین.

هەریەكە لەقادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود دوای دووركەوتنەوەو بێهیوابوونیان لەگۆڕان لەئێستادا دەیانەوێت دەست بەكاری سیاسی بكەنەوە

رۆژی 29ی مانگی پێشوو دوای داواكاری خۆپیشاندەرانی عێراق‌و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان داوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كرد، بەوهۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستی لەكاركێشایەوە.

چەند رۆژێك دوای ئەو داوایانەش قادری حاجی عەلی ئەو وتارەی بڵاوكردەوەو تێیدا بەئاشكرا باسی لەپشتیوانی بۆ دروستكردنی ئۆپۆزسیۆن دەكرد، چاودێرانی دۆخی هەرێمیش باس لەوە دەكەن بڵاوكردنەوەی ئەو وتارە لەو كاتەدا ئاماژەیە بۆ ئامادەكارییەكانی قادری حاجی عەلی‌و كەسانی نزیك لێیەوە تاوەكو لەئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق لیست ئامادە بكەن، بۆیە لەئێستاوە لەرێگەی وتارەكانیانەوە بیروڕا سیاسییەكانی خۆیان بڵاودەكەنەوە.

لەو رووەوە لەبەشێكی وتارەكەیدا باس لەوە دەكات، ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر حزبەكانی كوردستان، زۆرینەیان بەشدار‌و بەرپرسیارن لەدروستكردنی ئەم دۆخە، ئەوەش وایكردووە ڕەوڕەوەی ڕۆیشتن بەرەو بنەماڵەبوونی سیستەم‌‌و بەسوڵتانیكردنی دەسەڵات، بەخێراییەكی ترسناك هەنگاو بنێت، بەڵام هەموو ئەوانەی خەم‌و داڵغەیان لای باری لاری خەڵكە‌و بەئومێدی ژیانێكی باشترەوە دەژین، دەبێت سەرمەشقی پرۆژەی هەستانەوەبن.

دەشڵێت، ژیانی سیاسی لەكوردستان بەجۆرێك بەر نەفرەت كەتووە، كاتێك بەكەسێك بڵێی حزبییە، وەك ئەوە وایە توانج‌و پلاری لێبدەیت، ئەمەش بەرهەمی خراپەكاری حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانە، بەڵام ئایا دەكرێ ئەمە خاڵی كۆتایی‌و تەسلیمبوون بێت بەو واقیعە تاریك‌و سەپاوە؟ ئەكرێت لەم دۆخی كەوتنەدا لەپرسەیەكی نیشتمانیی گەورە دەچێت، زۆرینەی خەڵكی ناڕازی لەناو خەم‌و، ئازارەكانی خۆیدا بێ ئاسۆو نەبوونی دەروویەك بتلێتەوە؟.

پسپۆڕێك:  بەهۆی ئەوەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو نەیانتوانی سەركەوتوو بن، بۆیە حزبی نوێش ناتوانێت سەركەوتوو بێت

بە وتەی شرۆڤەكارانی دۆخی هەرێم ئەو وتانەی قادری حاجی عەلی ئاماژەی روون‌و ئاشكران بۆ دەستپێكردنی هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی حزبێكی نوێ هەڵگری پرۆژەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بێت.

هەوڵەكان بۆ دروستكردنی حزبێكی نوێ لەلایەن بەرپرسانی باڵای پێشووی گۆڕانەوە لەئێستاوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو ساڵی رابردوش بەهۆی تێپەڕاندنی یاسای تیرۆرو هەڵپەساردنی یاسای دامەزاروەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن فراكسیۆنەكانی پارتی‌و گۆڕانەوە دەنگی ناڕەزایی لەنێو كادران‌و بەرپرسانی پێشووی ئەو حزبە بەرز بوویەوە بەجۆرێك دەركردنی بەیاننامەی لێكەوتەوە، دواتر ئاماژە بەوە كرا گۆڕان لەڕێڕەوی خۆی لایداوە، بۆیە ئەوكاتیش دروستكردنی حزبێكی نوێیان بەگرنگ دەزانی.

قادری حاجی عەلی لەو بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا دەشڵێت، گرنگە لەم دووڕیانە مێژووییە هەستیارەدا، خەڵكی كوردستان لەگۆشە نیگای ئومێدەوە بڕوانێت‌و كار بۆ گێڕانەوەی سیاسەت بۆ سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینەكەی خۆی بكرێت، ڕاستە ئەمە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە، قۆناغی زۆر لەمە تاریكترو كەوتنی زۆر لەئێستا سەخترمان بینیووە. 

لە كۆتای وتارەكەشیدا جەخت لەوە دەكاتەوە، بایكۆتكردنی زیاتر لە60%ی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەكاندا، هێمایەكی ئومێد بەخشەو ئەو راستییەش دەسەلمێنێت بێزاری خەڵكی كوردستان لەم دەسەڵات‌و حزبانە گەیشتۆتە ئاستێكی وا پێویستی بەهاوكاری‌و هەماهەنگی هەموو توێژەكانە بۆ گۆڕانكاری.

لە بەرامبەر ئەو وتانەی قادری حاجی عەلیشدا، عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێت، ماوەیەكە باس‌و خواسی ئەم دەڤەرەی سلێمانی، تەجاوزكردنی حزبەكان‌و دروستكردنی هێزو گروپی تازەیە، راستە هێشتا بیرۆكەكان تەواو نەخەمڵیون‌و بەشێكیان باڵۆنی تاقیكردنەوەن‌و هەوڵدانن بۆ زانینی ترپەكان‌و ئاراستەكان، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا، تەیفێك هەن دەیانەوێت سەهمێكی تازەیان لەپرۆسەی سیاسیدا هەبێت‌و شانسی خۆیان لەرابەرایەتیكردنی جوڵانەوەی نوێدا تاقیبكەنەوە.

گۆڕان: تەیفێك هەن دەیانەوێت سەهمێكی تازەیان لەپرۆسەی سیاسیدا هەبێت‌و شانسی خۆیان لەرابەرایەتیكردنی جوڵانەوەی نوێدا تاقیبكەنەوە

ئەوەش دەخاتەڕوو، لەدوای هەوڵەكانی نەوشیروان مستەفادا، بەتواناو كاریزمایی تایبەتی خۆی، ئیتر ئەستەمە كەسانێك سەر بەهەمان كاستی قەدیمە بن، لەژێر دروشمی ترو شەپۆل‌و ئاوازی شەقامدا، بتوانن ئاڕاستەیەكی راستەقینە دروست بكەن خەمی گۆڕانكاری فعلی بێت.

بەشێك لەهۆكارەكانی هەوڵەكان بۆ دروستكردنی حزبێكی نوێ لەلایەن بەشێك لەو سەركردانەی وازیان لەگۆڕان هێناوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان سێ حزب (نەوەی نوێ، كۆمەڵ، یەكگرتووی ئیسلامی) چوونەتە بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و بەشداری كابینەی نوێی حكومەتیان نەكرد، بەڵام بەشێك لەهاوڵاتیان پێیانوایە ئەو سێ حزبە لەئاست چاوەڕوانی ئەواندا نین‌و لەئاست كارەكانی حكومەت لاوازن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لەنێو خۆشیاندا پەرتەوازەن.

دكتۆر مارف عومەر گوڵ، پسپۆڕ لەیاسای نێودەوڵەتی‌و سەرۆكی زانكۆی گۆیژە بۆ ژیان وتی "بەهۆی ئەوەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو نەیانتوانی سەركەوتوو بن، بۆیە حزبی نوێش ناتوانێت سەركەوتوو بێت، چونكە ئێستا خەڵك لەحزبی كۆن‌و نوێ بێزاربووە.

وتیشی، ئاساییە حزبی ئۆپۆزسیۆنی نوێ دروست ببێت، چونكە گەندەڵی‌و ناعەدالەتی هەیە، بەڵام بارودۆخی كوردستان بەشێوەیەكە ئاڕاستەكان بەوشێوەیەن ئۆپۆزسیۆنی پێشوو چۆن رۆشت حزبە نوێكەش هەر بەو دەردە دەڕوات.