پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق بۆ ژیان: دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەژێر دەسەڵاتی ئێراندا بووە


ژیان:
ئەندامێكی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق باس لەدەسەڵاتی كورد لەحكومەتی ئێستای عێراقدا دەكات و دەڵێت" دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوە بوو كەكورد دەسەڵاتەكانی زیاد نەبێت".

 فایەق شێخ عەلی، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەسەڵاتەكانی كورد لەحكومەتی ئێستای عێراقیدا بە (رۆژنامەی ژیان)ی راگەیاندووە" هەتاوەكو ئێران لەرێگەی میلیشیاكانی‌و ئەو لایەنە عێراقیانەی ئەجێندای ئێران لەعێراقدا جێ‌ بەجێدەكەن باڵادەست بێت ئەوا نەكوردو نەعەرەب بەسونەو شیعەوە، ناتوانن وەك پێویست دەسەڵاتیان هەبێت‌و هەرگیز دەسەڵاتەكانیان زیاد ناكات، تەنانەت كاتێك عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد بۆ ئەوە بوو كەكورد دەسەڵاتەكانی زیاد نەبێت، چونكە ئەگەر كورسی دەسەڵاتی بەجێ‌ بهێشتایە ئەوا راستەوخۆ دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران دەگوازرایەوە بۆ سەرۆك كۆمار كەكوردە، بەڵام نوسینی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ پەرلەمانی عێراقی لەژێر فشاری ئێراندا بووە بۆ ئەوەی ئەوە رونەدات.

دەشڵێت" ئەوەتا ئێستاش دەبینین دوای عەبدولمەهدی ئەوەی كاندیدی دواتر دیاری دەكات بۆ جێگرەوە ئێرانە، قاسم سولەیمانی‌و فەرماندەی فەیلەقی قودس بەئاشكرا هاتۆتە عێراق بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە".

تەواوی ئەم راپۆرتە ئەمڕۆ یەكشەممە 8/12/2019  لە ژمارە (118)ی رۆژنامەی ژیان بڵاوكراوەتەوە.