باڵانبۆ محەمەد بۆ ژیان: دامەزراندنی كۆمپانیا پاسەوانیەكان نایاسایین


ژیان: 
كۆمپانیاكانی پاسەوانی تەنها بە بڕی 100 هەزار دینار مۆڵەتیان پێ دەدرێت ئۆتۆمبێلەكانیان بكەنە گوللەنەبڕ، ئەندامێكی پەرلەمانیش رایدەگەیەنێت ئەو كۆمپانیایانە لەبەرژەوەندی كۆمەڵێك بەرپرس دانراون. 

باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ‌و ئاسایش‌و ئەنجومەنە خۆجێییەكان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند "بوونی ئەو كۆمپانیایانە شتێكی تێكەڵ‌و پێكەڵە بەبەرژەوەندی‌و عقڵی كۆمەڵێ كەس دانراون، لە هەموو دنیا ئەم كۆمپانیایانە هەن بەس بەم شێوەیە نا كەلە كوردستاندا هەیە".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات، دامەزراندنی ئەو كۆمپانیایانە نایاسایین‌و تەنها بۆ كاری بازرگانی‌و پارە پەیداكردن دامەزراون هیچی دیكە نییە، بوونیشیان هیچ گرنگ نییە ئەگەر گرنگن پۆلیسی كارەبا‌و نەوت گازمان بۆچییە لیوای پارێزگاریمان بۆچییە؟ ئەگەر حكومەت دەزانێت كارمەندی كەمە ئەمانە لەو بەشانە دابنێت نەك بێت كۆمەڵێ كۆمپانیای ئەمنی بكاتەوە بۆ كۆمەڵێك منداڵی بەرپرس‌و پاسەوانی شوێنەكانیان پێبكات.

ئەو رونیشیدەكاتەوە: پێویستە حكومەت خۆی هەوڵی ئەوە بدات ئەم كۆمپانیایانە بەیاسا رێكبخرێن نەك بەو شێوە نایاساییە‌و ئێمەش وەك لیژنەی ناوخۆ كار بۆ ئەوە دەكەین.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ‌و ئاسایش‌و ئەنجومەنە خۆجێییەكان وتیشی، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی ئەو كۆمپانیایانە ١٠٠ هەزار دینار وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بكرێنە گوللـە نەبڕ‌و جامڕەش، ئەمە لەكاتێكدا فەرماندە هەیە لەكاتی شەڕدا مۆڵەتی پێنادرێت ئۆتۆمبێلی گوللـە نەبڕی هەبێت، بۆیە ئەگەر ئەم كۆمپانیا ئەهلیانە دەستی بەرپرسیان لەپشت نەبێت‌و هی منداڵی بەرپرسەكان نەبن چۆن مۆڵەتیان پێدەدرێت ئۆتۆمبێلی گوللـە نەبڕیان هەبێت.