بنەماڵەی دەمیرتاش لەكاتی سەردانی زیندان تووشی روداو بوون


ژیان: 
دوێنێ لەكاتی سەردانی دەمیرتاش هەریەكە لە باوك و دایك و خەزور و كەسوكاری ئەو سەركردە كوردە توشی رووداوی هاتوچۆ بوون، هاوسەرەكەشی داوا دەكات سیاسیەكان رێگای دووری زیندان نزیك بكەنەوە بۆ كەسوكاریان. 

باشاك دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش،  ئاشكرای دەكات كە دوێنێ رووبەڕوی رووداوی هاتوچۆ بونەتەوە و"لە پێناو كۆتایی هێنان بەم هەموو ئازار و ناڕەحەتییانەی ڕێگەو بانەكان بۆ سەردانی زیندانیا داوا لە سیاسییەكان و تەواوی ڕای گشتی دەكەین زیاتر هەستیار بن لەو بابەتەدا''.

ناوبراو لە پەیامێكی نوسراودا دەشڵێت دوێنێ لەگەڵ هاوسەرەكەی یەكتریان بینیوە و  خانەوادەی دەمیرتاش كاتێك ویستیان سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش بكەن كە لە گرتووخانەی ئێدیرنە بەندكراوە، لە ڕێگە تووشی ڕووداوێكی هاتوچۆ بوون.

ئەو رونیدیشی دەكاتەوە كە بە هۆی تەقینی تایەی دواوەی ئوتومبێلەكە و بارینی بارانەوە ئوتومبێلەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو دواتر وەرگەڕا. 

لەو روداوەدا هەریەك لە تاهیر دەمیرتاش باوكی سەڵاحەدین دەمیرتاش، سادییە دەمیرتاش دایكی سەڵاحەدین دەمیرتاش، مەهمەت ئاككایا خەزووری سەڵاحەدین دەمیرتاش، حوسەین ئاككایا ژنبرای سەڵاحەدین دەمیرتاش و فەسیح توكمەن زاوای سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ناو ئەو ئوتومبێلەدا بوون كە تووشی ڕووداوی هاتوچوو بوو. 

بە پێی زانیارییەكانی كەسە نزیكەكان لە خانەوادەی دەمیرتاش بارودۆخی تەندرووستی هەموو لایەن باشە و جێگیرە.