ئیسرائیل: سوریا لە ئێران دەكەین بە ڤێتنام بۆیە دەبێت زوو بەجێی بهێڵن


ژیان: 
ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەكات باس لەوە دەكات مانەوەی هێزەكانی ئێران لە خاكی سوریا  ئەو وڵاتەیان لیدەكات بە ڤێتنام بۆیە باشترە هەرچی زووە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن. 

نەفتالی بینێت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند "شتێكی شاراوە نییە كە ئێران دەیەوێ پشدێنێكی سەربازیی بە دەروروبەری وڵاتەكەماندا بسەپێنێت، لە لبنان پێگەی بۆخۆی دروست كردووە و هەوڵیش دەدات لە سووریا و غەززە و شوێنی دیكە بوونی خۆی بەهێز بكات".

بینێت ئەمڕۆ یەكشەممە، راشیگەیاند "دەبێ لە باری بەرگری لەخۆكردنەوە بچینە باری هێرشبردن و، ئەگەر رژد بین لەسەر كارەكانمان دەتوانین هێزەكانی ئێرانی دوژمنكار لە خاكی سووریا وەدەرنێین، ئەوەی ئەوان بەدوایدا دەگەڕێن لە سنوورەكانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا نییه"‌.

لەدرێژەی قسەكانیدا بینێت وتی "بە ئێران دەڵێین سووریا بۆتان دەبێت بە ڤێتنام و ئەگەر لەوێ بمێننەوە خوێنتان جۆگە دەبەستێت، چونكە ئێمە بێوچان كاردەكەین تا هێزەكانی ئێرانی دوژمنكار لە سووریا دەكشێنەوە".