دەیرلزوور؛ ٤ کەسی مەدەنی لەهێرشێکی چەکدارانی داعش گیانیان لەدەستدا

هەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
تل تەمر

ژیان:

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕایدەگەیەنێت؛ هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، ئاماژە بەوەشدەکات بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعشەوە لە دەیرلزوور چوار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک_ هەسەدە ئاماژەبەوەدەکات: سوپای تورکیا، لە ٦٠مین رۆژی هێرشەکانیاندا، بەردەوامن لە جموجوڵی سەربازی و هێرشە داگیرکەرییەکانیاندا و لە سەرتاسەری ناوچەکە ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردن.

ئاماژە بەوەشکراوە؛ لە ئەبوراسین، سوپای تورکیا لە گوندی ئوم ئەل شەعفا بە چەکی قوڕس هێرشی ناوچە مەدەنییەکانیان کرد و ناوچەکە چەندین کاتژمێر تۆپباران کرا و جموجۆڵی فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوانیش بە بێ وەستان بە ئاسمانی ناوچەکەدا بەردەوام بوو.

هاوکات، گروپی چەکدارانی سەر بە سوپای تورکیا، لە گوندی ئوم ئەلکێف لە تلتەمر بە مەبەستی بەرفراوانکردنی سنووری داگیرکەرییەکانییان هەوڵیاندا هێرش بەرنە ناوچە مەدەنییەکان.

هەر لە ڕاگەیەنداوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە؛ لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی داعش لە دەیرلزور ٤ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.