سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار کرا کە نوسراوەکەی کشتوکاڵی ساختەکردبوو

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

ژیان:

وەزیری كشتوكاڵ رایدەگەیەنێت: داوای یاسایی بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ساختەكردنی نوسراوی وەزارەتەكەیان بۆ هاوردەكردنی دووگی بەستوو پێشكەشی دادگا كردووە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، داواکاری یاساییان پێشکەشی دادگا کردوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەری ساختەکردنی نوسراو بە ناوی وەزارەت و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کە بەمەبەستی هاوردەکردنی دوگ (دونگی) بەستو نوسراوەکە ساختەکرابوو.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵدا داوا لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کراوە رێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیای (ئەنسکۆ) بۆپ بازرگانی گشتی بگرێتە بەر لەبەرامبەر ساختەکردنی نوسراوێکی وەزارەتەکەیان بۆ هاوردەکردنی دوگی بەستوو.

دوێنێ شەممە بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند: كەسێكی ساختەكار، بەنوسراوێكی ساختە هەوڵی هاوردەكردنی بڕێكی یەكجار زۆر دوگ (دوونگی مەڕ)ی بەستووی داوە، بەگوێرەی یاسای كەرەنتینەی ڤێتەرنەری لەسەرتاسەری عیراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە قەدەغەیە.