پەرلەمانتارێک بۆ سەرۆکی حکوومەت: تا ئێستا نازاندرێت سەرۆکی سامانە سروشتیەکان کێیە


ژیان:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی وتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە دەڵێت: له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی داهاته‌كان ده‌چنه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ مانای ڕوونی له‌ داهاتدا نایه‌ت، دەشڵێت؛ تائێستا نازاندرێت سەرۆکی سامانە سروشتییەکان کێیە.

کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە کە دەستکەوتەکانی حکوومەتی لەماوەی ١٠٠ رۆژی ڕابردوو خستەڕوو.

گەزنەیی نووسیویەتی:كاتێك باس له‌ كارنامه‌ی حكومه‌ت ده‌كرێت، واتا ستراتیژیه‌تی حكومه‌تێك بۆ كابینه‌یه‌كی دیاریكراو؛ واتا، هه‌موو لێدوانێك له‌و باره‌یه‌وه‌ باتڵه‌ تا ته‌واوبوونی ماوه‌ی حكومڕانی كه‌ به‌ یاسا دیاریكراوه‌. ئه‌م كارنامه‌یه‌ سه‌نگی مه‌حه‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كانی چوار ساڵی داهاتووه‌.

دەشڵێت: به‌ڕێزیان باسییان له‌ داهاتی ناوخۆ كرد، و ئه‌وه‌ی به‌ ده‌لیل هێنایه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م داهاته‌كان ده‌چنه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی؛ له‌ ڕاستیدا هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی داهاته‌كان ده‌چنه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ مانای ڕوونی له‌ داهاتدا نایه‌ت. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ وه‌زیری داره‌ی ئێستا و پێشووش هه‌مان ژماره‌ دێته‌ سه‌رزمانییان كه‌ باس له‌ داهاتی نه‌وت ده‌كرێت و بۆ داهاتی ناوخۆش جگه‌له‌ بێده‌نگی، وشه‌یه‌كمان گوێ لێ نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت په‌ڕه‌یه‌كیش نه‌هاتووه‌ته‌ په‌رله‌مان!

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو پەرلەمانتارەدا ئاماژە بەوەکراوە؛ ئێمه‌ چه‌ندان پرسیار و یاداشتمان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی كردوون و داتای گریمانه‌كراو و پشتڕاست نه‌كراوه‌مان بۆ ناردوون بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ و بۆ زانین، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی پرسیارێكیشمان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌.

ئەوەشدەخاتەڕوو:  جه‌نابیان باس له‌ داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، (به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام داتا و زانیارییه‌كانمان خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌، ئێستا گشت هاووڵاتییان ده‌توانن بزانن كه‌ داهاتی نه‌وت و ناوخۆیی چه‌نده‌ و له‌ چ بوارێكدا خه‌رج ده‌كرێت). له‌ ڕاستیدا نه‌ك هاووڵاتییان، ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌كان و بگره‌ له‌سه‌ر ئاستی تاكیش به‌نده‌ چه‌ندان جار پرسیارم ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌ت و حكومه‌ت كردووه‌، و تا ئێستا ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی پرسیارێكیشم وه‌رنه‌گرتووه‌!

لە کۆتاییدا گەزنەیی دەڵێت: خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ مه‌ترسی گه‌وره‌دان؛ به‌تایبه‌ت، كاره‌با و ئاو. ئێمه‌ چه‌ندان یاداشتمان ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزیان و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ و داوامان كردووه‌ فریای دۆخه‌كه‌ بكه‌ون ئه‌گه‌رنا دۆخی كاره‌با به‌ ڕاده‌یه‌ك خراپه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بگاته‌ ئاستی شه‌تداون.