عەلی حەمە ساڵح: پاسه‌وانی به‌پێی هێزو ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی حیزبی و سه‌ربازی دانراوه‌


ژیان:

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پاسه‌وانی به‌یاسا ڕێکنه‌خراوه، به‌پێی هێزو ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی حیزبی و سه‌ربازی دانراوه‌ و له‌ چه‌ندین هێزی جیاواز پاسه‌وان هه‌یه‌.

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت: دوای ئەوەی هەوڵیان داوە بابەتی پاسەوانیی بە یاسا رێکبخەنەوە، توانیان رێکخستنەوەی پاسەوانی بەپێی پێوەر لە یاسای چاکسازییدا جێگیر بکەن.

دەشڵێت: پاسه‌وانی به‌یاسا ڕێکنه‌خراوه، به‌پێی هێزو ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی حیزبی و سه‌ربازی دانراوه‌، له‌ چه‌ندین هێزی جیاواز پاسه‌وان هه‌یه‌، لیواوه‌ بۆ فه‌وج و سریە بۆ پاسەوانی کەسی بەکاردێن.

لەبارەی زۆریی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسانیش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ژمارە زۆرەی پاسەوان دەرگایەکی گەورەی گەندەڵییە و هەندێکیان بۆ گەندەڵیی، قاچاخی و سەرانە وەرگرتن بەکاردەهێنرێن و لیوا و سریەکانیش بۆ پاسەوانیی کەسیی بەکاردەهێنرێن.