شاسوار عەبدولواحید وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە


ژیان:

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەڵامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت: "قسه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران هیچ به‌هایه‌كی نییه‌ كاتێك له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع گۆڕانكاری نه‌بینرێت و گیرفانی هاوڵاتییان و خزمه‌تگوزاری وه‌ك پێشوتر خراپ بێت.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا وەڵامی قسەکانی مەسرور بارزاین سەرۆکی حکوومەتی دایەوە کە باسی لە دەستکەوەتەکانی ١٠٠ رۆژی کابینیەکەی کردبوو، دەڵێت: ئەوان باس لە زیادکردنی داهاتی ناوخۆ دەکەن، پرسیارەکەی ئێمە ئەوەیە ئایا ئەگەر باج لەسەر هاوڵاتیان زیاد بکەین، ئەگەر پێوەری زیرەک دابنێن بۆ ئاو و هەوا بخوێنێتەوە، ئایا ئەگەر پارەی کارەبا زیاد بکەی، ئایا ئەگەر پارەی خاڵە گومرگییەکان زیاد بکەی، ئایا ئەمە دەستکەوتە؟.

ئاماژە بەوەش دەکات؛ باسیان لەکەمکردنەوەی بیرۆکراسیەت کرد لە فەرمانگەکان، دیارە بەڕێزیان نازانن کە لەئێستادا بۆنمونە ئەگەر پارێزگار نووسراوێک بنێرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، دەبیت بینێرێت بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دواتر بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: یەکێکی تر لە خاڵەکان دەڵێت گازۆیلیان دابین کردووە و کارەبا باش بووە، دیارە بەڕێزیان نازانن کە تەنها لە مانگی ١١دا تێکڕای پێدانی کارەبا بەهاوڵاتیان ١٣ کاتژمێر بووە، ئەگەر تۆ رۆژانە ١١ کاتژمێر نەدەی بەهاوڵاتیان، ئەوە دەستکەوتە یاخود شکستە؟

ئاماژە بەوەشدەکات: هاوڵاتیان هه‌مان موعاناتیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ 28 ساڵی‌ رابردوودا هه‌یان بووه‌و ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان ژیانیان خراپ بوو ئه‌وه‌ مانای‌ وایه‌ی تۆ حكومه‌تێكی‌ شكستخواردووی‌.