بەرپرسانى پارێزگای هەولێر بە خاوەن مۆلیدەکانیان وتووە 10 ساڵی دیکەش کارەبا باش نابێت


ژیان:

ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی زانیاره‌كانی ئه‌و "برادەرانی پارێزگای هه‌ولێر " وتویانه‌ "دڵنیابن 10 ساڵی تریش کارەبا له‌ هه‌رێمی كوردستان باش نابێت".

مژدە مەحمود، پەرلەمانتارى فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی؛ کاتێک نوێنەری خاوەن مۆلیدەکانی هەولێر ڕۆیشتوون بۆ پارێزگای هەولێر، وتویانە ئێوە داوای ئەوەمان لێدەکەن مۆلیدەکان بکەین بە بێدەنگ و ئەوەش خەرجییەکی زۆری تێدەچێت، گرەنتی چییە ساڵێکی دیکە کارەبا باش نابێت و ئێمە زەرەر ناکەین؟.

ئاماژە بەوەشدەکات؛ لە وەڵامدا بەرپرسانى پارێزگا بە نوێنەری خاوەن مۆلیدەکانیان وتووە، خەمتان نەبێت، 10 ساڵی دیکەش کارەبا باش نابێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌ "بۆیە ئەبێ خەڵکی کوردستان دڵنیا بێت، ئەم دەسەڵاتە هی ئەوە نیە نەک لە 100 ڕۆژو 200 رۆژ بە دەیان ساڵی تریش ناتوانێ، تەنانەت کارەبا بۆ خەڵک دابین بکات، کە کارەبا لە دنیادا شتێک نیە شایەنی باسبێت.

مانگى ڕابردوو، پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا بە گۆڕینى سەرجەم مۆلیدەکانى پارێزگاکە و خاوەن مۆلیدەکانى پابەند کرد کە تا مانگى ئایارى ساڵى داهاتوو مۆلیدەکانیان بگۆڕن بۆ جۆرى بێدەنگ، ئەوەش ترسی لاى خاوەن مۆلیدەکان دروستکرد کە بەهۆى باشبوونى دۆخى کارەباوە زیانیان بەربکەوێت، بەهۆى تێچووى گۆڕینى مۆلیدەکانیانەوە.