پڕۆژەی چاكسازی لەلایەن حكومەتەوەپەسەندكرا


ژیان:

ئەمڕۆ چوار شەممە 2019/12/11 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لە بارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق كرا، كە بەشێكە لە بەرنامەی گشتگیریی چاكسازیی لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، چاكسازیی پرۆسەیەكی بەردەوامە و لە هەنگاوەكانی داهاتوودا گشت كەرتەكان دەگرێتەوە. وتیشی "لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پڕۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان".

 ناوبراو وتیشی، ئەمەش پرۆژەی هەموو لایەنە بەشدارەكانی حكومەتە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دادپەرەوەرییە و بە دڵنیاییشەوە خەڵكی شایستە، مافەكانیان پارێزراو دەبێت"