نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارێکی نوێ لەبارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بڵاودەکاتەوە


ژیان:

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت: لە خۆپیشاندانەکانی عێراق تاوەکو ئێستا ٤٢٣ کەس کوژراون، ئاماژە بەوەشدەکات ، پێشلکارییەکان و بێڕێزیکردن بە مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بەردەوامە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئامارێکی نوێی لەبارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکەش تاوەکو ئێستا ٤٢٣ کەس کوژراون و هەشت هەزارو ٧٥٨ خۆپیشاندەری دیکەش برینداربوون.

راپۆرتەکە باسی ئەوەی کردووە، ژمارەی بریندارانی ئاماژەپێکراو ئەوانەن کە لەلایەن نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمارکراون، ئەوانە ناگرێتەوە کە چارەسەریان وەرگرتووە کە برینداربوونە بەهۆی دیکەی وەک گازی فرمێسکرێژ.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ پێشلکارییەکان و بێڕێزیکردن بە مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە، بەهۆی مامەڵەی نەگونجاو لە بەکارهێنانی هێز، خراپ مامەڵەکردن و پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دەستگیرکردنی خۆپیشاندران دا.