حكومەت نایەوێت سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان دروست بكات

شێركۆ جەودەت: سندوقی داهاتی نەوت‌و گاز لەزیانی گەندەڵكارانە بۆیە دروست ناكرێت

ژیان: جیهاد جەلال
زیاتر لەچوار ساڵە پەرلەمانی كوردستان یاسای سندوقی داهاتە نەوتی‌و گازییەكانی هەرێمی دەكردووە، بەڵام دوای ئەو چەند ساڵە تاوەكو ئێستا سندوقەكە دروست نەكراوە، بەشێك لەپەرلەمانتارانیش حكومەت بەكەمتەر خەم دەزانن‌و پێیانوایە بەمەبەست كار بۆ دروستكردنی سندوقەكە ناكات.

 پەرلەمانی كوردستان بەیاسای ژمارە دوو لەرۆژی 1ی نیسانی 2015 یاسای سندوقی داهاتە نەوتی‌و گازییەكانی هەرێمی دەركرد، ئەوەش بەئامانجی بەدامەزراوەیی كردنی كەرتی نەوت‌و گاز لەهەرێمی كوردستان تاوەكو داهاتەكانی پرۆسەی نەوتی‌و گازییەكان بەباشترین شێوە كۆبكرێتەوە‌و پشتیوانی شەفافییەت‌و گەشەی ئابووری هەرێم بێت.

بەپێی ماددەی سێی یاساكە، سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی‌و گازییەكان دادەمەزرێت‌و كەسایەتی مەعنەوی‌و سەربەخۆیی دارایی‌و كارگێڕی هەیەو لەرووی رێكخستنەوە سەر بەئەنجومەنی وەزیران دەبێت.

كاری سەرەكی وردبینی‌و شەفافیەت‌و ئاڕاستەكردنی داهاتە نەوتییەكانە بۆ بەرژەوەندی ئابوری هەرێمی كوردستان بۆیە پێكناهێنرێت

بەپێی مادەی حەوتی یاساكە سندوقەكە ئەم ئەركانە لەخۆی دەگرێت: 

یەكەم: تۆماركردن‌و دۆكیومێنتكردنی سەرجەمی داهاتەكانی نەوت‌و گازی هەرێم بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەستدەكەون لەسندوقدا، هەروەها بەڕێوەبردن‌و مسۆگەركردنی گواستنەوەیان بۆ ژمێرەی وەزارەتی دارایی‌و ئابورووی.

دووەم: وردبینیكردنی جوڵەی گشت داهاتەكانی نەوت‌و گازی هەرێم لەسندوقدا بەپێی چاودێری نێوخۆیی لەگەڵ دەركردنی راپۆرتی مانگانە لەبارەیانەوە.

سێیەم: ساڵانە ئاشكراكردنی گشت ئەو داتایانەی تایبەتن لەژمێرەو چالاكییەكانی سندوق دەربارەی سپاردن‌و راكێشانی گشت ئەو داتایانەی تایبەتن بەژمێرەو چالاكییەكانی سندوق.

چوارەم: مسۆگەركردنی شەفافیەت‌و دركاندن لەپرۆسە داراییەكان لەكاتی ئەنجامدانی رێكارو پرۆسەكانی ژمێركاری بەگوێرەی ستاندەری ژمێریاریی پەیڕەوكراوی جیهانی‌و ئاستی پیادەكردنیان لەسەر گشت ژمێرەكانی سندوق.

پێنجەم: دەستەكە مانگانەو ساڵانە راپۆرتەكانی خۆی دەداتە پەرلەمان‌و بۆ رایگشتی ئاشكرایان دەكات.

سەرۆكی لیژنەی وزەوسامانە سروشتیەكان لەپەرلەمان: داوامان لەحكومەت كردووە سندوقەكە دروست بكات

بەوەش دەردەكەوێت دروستكردنی سندوقێكی لەوشێوەیە لەبەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیانەو دەبێتە مایەی پاراستنی مافە داراییەكانیان، چونكە شەفافییەت لەداهاتەكاندا دەكات‌و بۆ رایگشتی بڵاو دەكاتەوە، بەوەش ئەو گومانانە دەڕەوێنێتەوە چەندین ساڵە لای هاوڵاتیان‌و پەرلەمانتاران‌و تەنانەت زۆرینەی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی داهاتی نەوت‌و گازی هەرێمەوە لایان دروست بووە.

پشتگوێخستنی دروستكردنی ئەو سندوقە دوای ئەوە دێت كاتێك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەپەرلەمان متمانەی پێدرا لەكارنامەی حكومەتەكەیدا لەهێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم لەخاڵی شەشەمی ئاستی چاكسازیدا وتی، كاردەكەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لەگشت بوارە داراییەكانی هەرێمدا، بەتایبەت لەبواری داهاتە نەوتییەكانی هەرێم‌و داهاتە ناوخۆییەكان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە كاردەكەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بەپێی یاسای پەیوەندیدار.

بەڵام سەرەڕای ئەو بەڵێنە تاوەكو ئێستا حكومەت هیچ هەنگاوێكی بۆ دروستكردنی سندوقەكە نەناوە، بەهۆی ئەوەشەوە مانگی رابردو لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان لەرێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نوسراویان ئاراستەی حكومەت كردووە بۆ ئەوەی سندوقەكە دابمەزرێنێت.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ژیان باسی لەوەكرد، بەهۆی ئەوەی سندوقەكە كاری سەرەكی وردبینی‌و شەفافیەت‌و ئاڕاستەكردنی داهاتە نەوتییەكانە بۆ بەرژەوەندی ئابوری هەرێمی كوردستان بۆیە پێكناهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت نەیەوێت كارێك بكات بیانوی بۆ دەهێنێتەوە، ئەو سندوقەش كۆنتڕۆڵی داهاتی نەوت‌و گاز دەكات ئەوەش لەزیانی گەندەڵكاران دەبێت بۆیە دروست ناكرێت.

هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای مانگی 10ی ساڵی 2016 لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت یەكێكە لەكۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان لەبواری ژمێریاری‌و وردبینی، گرێبەستێكیان بۆ وردبینی لەپرۆسەكانی بەرهەمهێنان‌و هەناردن‌و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان واژۆ كردووەو تائێستاش كۆمپانیایە شەش راپۆرتی لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە بەزمانەكانی كوردی، عەرەبی، ئینگیلزی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام تائێستاش بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیان گومانیان لەداهاتی نەوت هەیەو پێیانوایە لەلایەن كاربەدەستانەوە بەهەدەردانی زۆری پێوە دەكرێت.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزەوسامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ژیان وتی، داوامان لەحكومەت كردووە سندوقەكە دروست بكات، لەداهاتوشدا دیسان جەخت لەوە دەكەینەوە دەبێت ئەو سندوقە دروست بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنی وەزیران كەمتەرخەمەو بەئەركی سەرشانی خۆی هەڵنەستاوە لەناردنی سندوقەكە بۆ پەرلەمانی كوردستان، یاساكەش گرنگی‌و بایەخی زۆری هەیەو میكانیزمێكی تەندروستتر دەبێت بۆ خەرجكردنی داهاتی نەوت.