ئەحمەد داودئۆغلۆ پارتە نوێیەکەی راگەیاند


ژیان:

سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا دامەزراندنی پارتە نوێیەكەی راگەیاند و باسی لەوەكرد، وەرچارخانێكی سیاسی گەورە لە وڵاتەكە روودەدات.

ئەمڕۆ هەینی لە ئەنقەرە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا دامەزراندنی پارتی ئایندەی راگەیاند و جەختی كردەوە، كە حزبەكەی لە پێناو پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكانی توركیا كاردەكات.

وتیشی، ریگەنادەن توركیا تەنها رێگە بۆ یەك ئاین و پێكهاتە خۆش بكرێت، بەڵكو دەبێت هەموو ئاین و ئاینزاكان لە توركیا گەشە بكەن، هەروەها رێگە بە گەنجەكان دەدرێت زیاتر ئازادبن و كاری جدیش لە پێناو خێزانەكان لە توركیا بگیردرێت، كە ئێستا بە هۆی سیاسەتی خراپەوە لە ژێر هەڕەشەدان.

باسی لەوەشكرد، پێویستە ئازادی رادەبڕین لە توركیا هەبێت و كۆتایی بە گوشارەكانی سەر رۆژنامەوانان بهێنرێت و چاكسازیش لە سیستەمی داد بكرێت.

ئەحمەد داود ئۆغلو، كە پێشتر یەكێك بوو لەسەركردە باڵاكانی ئاكەپەی دەسەڵاتدار، ماوەیەكە لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تر، لەو حزبە كشابوونەوە.