ره‌وا جه‌مال عبدول، پزیشكی پسپۆڕی ددان‌و شه‌ویلگه‌:هه‌موو كلۆربونێك هه‌ڵكێشانى به‌دواوه‌ نییه‌

چۆن ددانه‌كانمان بپارێزین

ژیان: ئیسرا رزگار 
ددان وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی جه‌سته‌ هه‌موو كات پێویستی به‌خزمه‌ت‌و گرنگی پێدانه‌‌و ده‌بێت به‌به‌رده‌وامی پاك‌و خاوێن رابگیرێت، به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی رێنمای ته‌ندروستی ددان، ره‌وا جه‌مال عبدول، پزیشكی پسپۆڕی ددان‌و شه‌ویلگه‌ زانیارى ورد ده‌خاته‌ڕوو.

ژیان: كلۆربوونی ددان چیه‌؟
رەوا جەمال عبدول:
كلۆربونی دان واتا هه‌وكردنی دان یان ترشاندنی ئه‌و شانانه‌ی ددان، پێكهاتوه‌ له‌مینا، عاج، كرۆك .
ژیان: هۆكاره‌كانی كلۆر بوونی ددان چین؟ 
رەوا جه‌مال عەبدول:
چه‌ند هۆكارێك هه‌ن، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام‌و باش ددانه‌كان نه‌شۆرێن‌و خزمه‌ت نه‌كرێن‌و پاك رانگیرێن، یاخود هه‌ندێ گرفت له‌پێكهاته‌ی چینی ددانی ئه‌وكه‌سه‌یا هه‌یه‌ كه‌دانه‌كانیان ئێسكی لاوازه‌‌و زووتووشی هه‌وكردن و له‌ناوچوون ده‌بێت یان به‌بۆنه‌ی كه‌مته‌رخه‌می یه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌س له‌كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ هۆشیاری ته‌ندروستیان نیه‌ .
ژیان: ته‌مه‌ن تا چه‌ند كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كلۆر بوونی ددان؟
رەوا جه‌مال عه‌بدول:
ته‌مه‌ن كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌ له‌سه‌ر كلۆر بوونی دان، به‌ڵام ته‌مه‌ن واده‌كات ورده‌ ورده‌ شانه‌ چالاكه‌كان له‌ناو بچن، ورده‌ ورده‌ چالاكیان كه‌م ده‌بێته‌وه‌‌و سست ده‌بن به‌رده‌وام چینه‌كانی ژێر مینا كه‌عاجی پێ ده‌وترێ به‌رده‌وام دروست ده‌بن‌و ده‌نیشێَنه‌ سه‌ریه‌ك، ئه‌مه‌ش وای لێدیت قه‌باره‌ی ده‌ماره‌ شانه‌‌و ملوله‌ خوێنه‌كان زۆر بچوك ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ددانه‌كان هه‌ستیاریان وه‌كو ددانێكی گه‌نج ته‌مه‌نی 25 بۆ 30 ساڵه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ستیار نابێت.

ژیان: ئایا نه‌خۆشیه‌كانی پووك كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كلۆر بوونی دان؟

رەوا جەمال عەبدول: نه‌خۆشیه‌كانی پوك ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نه‌بێت ئه‌وه‌ ناڕاسته‌وخۆ كارده‌كاته‌ سه‌ر پووك، یه‌كێك له‌نه‌خۆشیه‌كانی پوك هه‌وكردنی پوكه‌ (پوكه‌ سۆیه‌)، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ته‌شه‌نه‌ ئه‌سه‌نێت، ئه‌و هه‌وكردنه‌ له‌رێگه‌ی به‌كتریاكانه‌وه‌ دروست ده‌بێ كار ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ره‌گی ددان‌و یه‌كێك له‌گرفته‌كان له‌وانه‌یه‌ تووشی كلۆر بوونی ددانی بكات .

ژیان: ئایا هه‌ر ددانێك تووشی كلۆر بون بوو پێویسته‌ ده‌ست به‌جێ هه‌ڵبكێشرێت یاخود شێوازی تر هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی؟
رەوا جه‌مال عەبدول:
خۆشبه‌ختانه‌ ئیستا ددانێك كلۆر ده‌بێت یان ئه‌گه‌ر كێشه‌ی گه‌وره‌تری هه‌بێت، مه‌رج نیه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ڵبكێشرێ ئێستا چه‌نده‌ها رێگه‌ی زانستی‌و كاریگه‌ر هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی یان بنبڕكردنی ئه‌و كێشانه‌، بۆ نمونه‌ پڕكردنه‌وه‌ی ددان یان ده‌رهێنانی ده‌ماری ره‌گی ددان، ئه‌مانه‌ ڕێگه‌ی زۆر كاریگه‌ر‌و سه‌ركه‌وتوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ددانانه‌ی زه‌ره‌رێكی زۆری لێ كه‌وتوه‌ یان به‌شێكی زۆری مینا‌و عاجی دانه‌كه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌م رێگانه‌ زۆر ئاسانتره‌‌و كاریگه‌رتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی ددانه‌كه‌ هه‌ڵبكێشرێت.
ژیان: بۆچى دوای پڕكردنه‌وه‌ی ددانێكی كلۆر ئازار هه‌یه‌؟
رەوا جه‌مال عەبدول:
زۆرجار دوای پڕكردنه‌وه‌ی ددان ئه‌و كه‌سه‌ ئازاری هه‌ر ده‌مێنێت، ئه‌مه‌ چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه‌ یه‌كه‌میان پڕكردنه‌وه‌كه‌  قوڵه‌ نزیكه‌ له‌ده‌ماره‌ شانه‌كان‌و ملوله‌كان، ئه‌مه‌ش ساردی‌و گه‌رمی به‌رده‌وام ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ده‌ماره‌ شانه‌كان‌و هه‌ستیار ده‌بێت‌و ئازاری بۆ دروست ده‌كات، یان ئه‌وه‌تا ئه‌و پڕكردنه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رز دروست كراوه‌، به‌رده‌وام به‌ركه‌وتنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری په‌ستانێكی زیاتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌‌و ئازاریًكی زۆری بۆ دروست ده‌كات، یاخود كلۆره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش پاك نه‌كرابێته‌وه‌‌و پڕكرابێته‌وه‌ واتا پێش ئه‌وه‌ی پڕكردنه‌وه‌كه‌ بكرێت ده‌بێت پزیشك دڵنیا بێت له‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی هه‌موو كلۆری ئه‌و دانه‌ی پاك كردبێته‌وه‌، ئه‌گینا دووباره‌ سه‌ر له‌نوێ كلوری دروست ده‌بێته‌وه‌ ئازار به‌رده‌وام ده‌بێت .
ژیان: به‌كار هێنانی چ جۆره‌ فڵچه‌یه‌ك ته‌ندروسته‌؟
رەوا جه‌مال عەبدول:
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌ندێك خاڵه‌، یه‌كه‌م تاڵه‌كانی ئه‌و ریشاڵانه‌ی فڵچه‌كه‌ پێویسته‌ نه‌رم بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌زێتی شانه‌ نه‌رمه‌كانی پوك‌و مه‌ڵاش‌و ناو ده‌م به‌گشتی نه‌دات، زیان به‌مینای ددانه‌كه‌ نه‌گه‌ینێت. 
ژیان: شوشتنی ددان ده‌بێت چۆن بێت‌وچه‌ندجار بێت له‌رۆژێكدا؟
رەوا جه‌مال عەبدول:
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێویسته‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ چوار بۆ پێنج خوله‌ك كاتی ددان شوشتن بێت، نابێت په‌له‌مان بێت به‌چه‌ند چركه‌یه‌ك ددانه‌كانی پێشه‌وه‌ بشۆیت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌س ئه‌وه‌ دیاره‌ بایه‌خ به‌ددانه‌كانی تر نه‌ده‌ین، ده‌بێت بایه‌خ به‌هه‌موو ددانه‌كان بده‌ین وه‌كو یه‌ك دیوی ده‌ره‌وه‌ی ددانه‌كان دیوی زمان، دیوی ناوه‌وه‌ی ددانه‌كانه‌ سه‌ر روی ددانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌ی فڵچه‌ به‌سه‌ر خرێكان بهێنرێ‌و بشۆردرێت، دیوی ده‌ره‌وه‌ی ددانه‌كانی پێشه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسۆی ددانه‌كان بشۆرێت، ده‌توانرێت به‌شێوازی ستوونی له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ فڵچه‌كه‌ بهێنرێت به‌دداندا، پێویسته‌ فڵچه‌كه‌ نه‌رم بێت له‌شێوه‌ی مه‌ساجكردن به‌كاربهێنرێت، گرنگه‌ دوو مانگ جارێك فڵچه‌ی ددان شوشتنه‌كه‌مان بگۆڕێن.
ژیان: سوودی به‌كارهێنانی په‌تی ددان چیه‌و له‌ چ كاتێكدا به‌كار بهێنرێت؟
رەوا جمال عەبدول:
به‌كارهێنانی په‌ت گرنگه‌، به‌تایبه‌تی دوای نان خواردن، گرنگه‌ دوای هه‌ر ژه‌مه‌ نان خواردنیك یان له‌نێوان ژه‌مه‌كان هه‌ر شیرینیه‌ك یان میوه‌ یان هه‌ر خواردنێك بخورێت ده‌بێت به‌كار بهێنرێت، باشتر وایه‌ رۆژانه‌ 2 بۆ 3 جار ددانه‌كانمان بشۆین، چونكه‌ ددانه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی تووند لكاون به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شوشتن پاك ناكرێته‌وه‌، واتا نێوانی ددانه‌كان به‌فڵچه‌ پاك ناكرێته‌وه‌ باشتر وایه‌ به‌داوی ددانى ته‌ندروست پاك بكرێته‌وه‌ .