سەرۆکی پەرلەمان: ده‌ركردنى پرۆژه‌ یاسا له‌په‌رله‌مان به‌ده‌ر‌نیە له‌ كاریگه‌رى خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان

رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان

ژیان:

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هه‌ندێ جار ئینسان بێ ئومێد ده‌بێت له‌وه‌ى ده‌ڵێت، كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ زۆر بۆ دواوه‌، ئاماژە بەوەشدەکات ده‌ركردنى پرۆژه‌ یاسا له‌په‌رله‌مان به‌ده‌ر‌نیە له‌ كاریگه‌رى خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.

ئەمڕۆ شەممە رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ سیمینارى گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بەرهەمە خۆماڵییەکان لە سلێمانی ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند "پێتان وانه‌بێت ده‌ركردنى پرۆژه‌ یاساش له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌ده‌ره‌ له‌ كاریگه‌رى ده‌ره‌وه‌و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان. له‌ ده‌رچوونى یاسایه‌ك كه‌ ره‌نگه‌ لێى زه‌ره‌رمه‌ند ببن".

وتیشی: پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی یەكێكە لەستراتیژەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی هەبێت پاڵپشتی دەكەین.

سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان ئەوەشدەخاتەڕوو "هه‌موومان ئه‌و راستییه‌ ده‌زانین، كه‌پێداویستى گومركى و ئه‌منى و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌نارده‌و هاورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ دۆخێكى خراپدان، هه‌ندێ جار ئینسان بێ ئومێد ده‌بێت له‌وه‌ى ده‌ڵێت، كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ زۆر بۆ دواوه‌.

ئاماژە بەوەشدەکات؛ زانیارییەکان لەبەردەستن و دەشزانین چى رووده‌دات له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ كۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ ئینسان سارد بێته‌وه‌ بڵێ هیچ شتێك سودى نییه‌، ئه‌ركى په‌رله‌مانى كوردستانه‌ زه‌مینه‌ى ته‌شریعى بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى خۆماڵى بڕه‌خسێنێت.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتیشی: دەتوانرێت كەرتەكانی دیكەی وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار پەرەپێبدرێت و بەهێزبكرێت و پشتبەستنی تەواو بە كەرتی نەوت، بەمانای ئەوەدێت كە ڕۆژێك دێت كۆتایی دێت و ئەم كەرتە وێران دەبێت، یان نرخی زۆر دادەبەزێت وەك ئەوەی لەساڵی ٢٠١٤ ڕوویدا.