ئیلهام ئەحمەد: ئەردۆغان پاكتاوی نەژادی ئەنجام دەدات


ژیان:  
هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی، رایگەیاند، لە كاتێكدا خەڵكی گرێ سپی و سەرێكانی خۆیان ئاوارەن، سەرۆك كۆماری توركیا پلانی نیشتەجێكردنی یەك ملیۆن ئاوارەی لە شوێنەكانیان داناوە ئەوەش بە پاكتاوی نەژادی دادەنێت. 

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی، رایگەیاند: ئەردۆگان، پلانی داناوە بۆ گواستنەوەی ملیۆنێك پەنابەری سوری بۆ گرێ سپی و سەرێ كانی، مەبەست لەو ئەو پلانەش گەڕانەوەی ئاسایش نیە بۆ ئەو ناوچانە، بەڵكو دەیەوێت دیموگرافیای ناوچەكە بگۆڕێت و پاكتاوی نەژادی تێدا ئەنجامبدات.

ناوبراو لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر  دەشڵێت "لەگەڵ ئەوەی ئاگربەست راگەیەندراوە لە رۆژئاوای كوردستان، ئاوارەكانی سەرێ كانی و گرێ سپی ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان، لەئێستادا ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا ملیۆنێك پەنابەری سوریا لە توركیا لەو ناوچانە نیشتەجێدەكات، لەكاتێكدا دانیشتوانە رەسەنەكەی ئەو ناچانە لەناو  خێوەتگای ئاوارەكاندا دەژین".

ئەو پێشیوایە نیشتەجێكردنی ئەو پەنابەرانە لەناوچە و ماڵی كەسانێكی دیكە هەرگیز چارەسەرنیە، ئەوە پاكتاوی نەژادیە بەرامبەر كوردەكان، سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا زۆرینەی كوردەكانی رۆژئوا بەبێ ناسنامەن، ئەردۆگان دەیەوێت بەبێ لانەش بمێننەوە.