باڵانبۆ محەمەد بۆ ژیان: هەر كەسێك لەبارەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە زانیاری بداتە حكومەت خەڵات دەكرێت


ژیان: کۆچەر عەزیز
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسای ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكارە عەقڵییەكان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، دەشڵێت، هەر كەسێك لەبارەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە زانیاری بداتە حكومەت خەڵات دەكرێت.

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، پڕۆژەیاسای ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكارە عەقڵییەكان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانیشەوە راپۆرتێك ئامادەكراوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستاندا خوێندنەوەی دووەمی بۆبكرێت.

وتیشی: لە پرۆژە یاساکەدا سزای بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان قورستر بوە، بۆ هەندێک حاڵەتی قورس سزاکە دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی، هاوکات بۆ مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كەسانەی ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەكان بوون، ژمارەیەك سەنتەری ڕاهێنان و پزیشكی دەكرێنەوە.

باڵانبۆ محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بە پێی پرۆژر یاساکە هەر کەس زانیاری بداتە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەوکەسانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە  دەکەن بە پێی جۆری مادەکە بە بڕێک پارە خەڵات دەکرێن.