زیندانیەکی سیاسی کورد گیانی لە مەترسیدایە

چەنگیز قەدەم خێری

ژیان:

زیندانیەکی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران لە زیندانی "مەسجد سلێمان"، لە ناڕەزایەتی بەڕێنەکردنی بۆ نەخۆشخانە و پێشگیری لە دەرمان، مانی لە خواردن گرتووە.

چەنگیز قەدەم خێری، بەندکراوی سیاسیی کورد کە بۆ بەندیخانەی شاری مەسجد سلێمان لە پارێزگای خوزستان دوور خراوەتەوە، ماوەی پێنج رۆژە مانی لەخواردن گرتووە و لە دۆخێکی مەترسیدار دایە.

سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن بەرپرسانی زیندانی مەسجد سلێمان و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکان، ڕێگری دەکەن لە گواستنەوەی ئەو زیندانیە سیاسییە کوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە ساڵی رابردووش بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە رێگری لێکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان مانی لەخواردن گرتبوو.

چەنگیز قەدەم خێری خەڵکی شاری کامیارانە و، ٩ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ٣ کەسی دیکە بە تۆمەتی ئەندامبوون  لە "کۆمەڵە" لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواتر بە هەمان تۆمەت لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە ٤٠ ساڵ به‌ندكران و گواستنەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری مەسجد سلێمان، سزا درا.