یەكێتی زانایان لەبارەی فتوای تایبەت بە ژنان و تەكسی ڕوونكردنەوە دەدات


ژیان:

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، خوێندنەوەی هەڵە بۆ فتوای سەرکەوتنی ئافرەت لەگەڵ شۆفێری تەکسی کراوە، ئێمە خۆمان بە داکۆکیکاری مافەکانی ئافرەتان دەزانین.

مامۆستا عەبدوڵا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەداخەوە لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندن خوێندنەوەی زۆر هەڵە بۆ ئەو بڵاوكراوەیە كرا، كە لەلایەن یەكێتی زانایانەوە سەبارەت بە پرسی ژنان و شوفێرانی تەكسی دەركرا، كەبەداخەوە ژمارەیەكی زۆر لەشوفێرانی تەكسی بەشێوەیەكی ناڕەوا هەڵسووكەوتیان لەگەڵ سەرنشینانی ژنان دەكرد.

وتیشی: فتوای سەرکەوتنی ئافرەت لەگەڵ شۆفێری تەکسی بەمەبەستی پاراستنی ئافرەتان دەرکراوە و  فتواکەش ئامۆژگارییە بۆ موسڵمانان.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەو كەسانەی، كە خوێندنەوەی هەڵەیان كرد بۆ بڵاوكراوەكەیان، ئەو بڵاوكراوەیەیان نەخوێندۆتەوە و بەبێ ئاگایی خۆشیان نەیان خوێندۆتەوە، چونكە ئەگەر خوێندنەوەیان هەبووایە ئەوا بەم شێوەیە خوێندنەوەیان بۆ ڕوونكردنەوەكانیان نەدەكرد، چونكە ئەو ڕوونكردنەوانە لەچوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام بووە و ئامۆژگاری موسڵمانانمان كردوە.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی ڕاشیگەیاند: فتواکە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان نیە و ئەوان خۆیان بە داکۆکیکاری مافەکانی ئافرەتان دەزانن،فتواکەش هەر لەوچوارچێوەیە دەرکراوە.