بەشار ئەسەد بەهۆی نەوتی سووریاوە هێرشی توندی کردە سەر تورکیا

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا

ژیان:

سەرۆکی سووریا بەهۆی نەوتی سووریاوە هێرشی توند دەکاتە سەر تورکیا و دەڵێت: تورکیا لەگەڵ داعش پێکەوە نەوتی سووریایان فرۆشتووە.

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕەخنە لە سیاسەتی تورکیا دەگرێت لەبارەی بەکارهێنانی نەوتی سووریاوە و دەڵێت: تورکیا کاری لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە کردووە کە دەستیان هەبووە لە فڕۆشتنی نەوتی سووریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ تورکیا سەرەتا لەگەڵ بەرەی نوسرە نەوتی سووریای فرۆشتووە و دوای ئەوانیش هەر ئەو کارەی لەگەڵ داعش کردووە.

دەشڵێت: تورکیا لە ئێستادا بەهۆی نەوتی سووریاوە دەستی لەگەڵ ئەمریکییەکان تێکەڵاوکردووە و دەیانەوێت لە خێر و بێری نەوتی سووریا بخۆن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی نەوتی سووریاوە ڕایگەیاندبوو؛ هێزەکانیان بۆ پارێزگاریکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە دەمێننەوە تا نەکەوێتە دەست چەکدارانی داعش، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رەتی کردەوە داهاتی بیرە نەوتەكانی سووریا بچێتە گیرفانی خۆی، بەڵكو بۆ هێزەكانی سووریای دیموكراتە.

هاوکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دوو هەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو؛ توركیا دەستپێشخەرییەكی بۆ دابەشكردنی سەرچاوە نەوتییەكانی سووریا ئاڕاستە كراوە، وە چەند ھێزێكی دەرەكی ھەن بەنیازن نەوتی سووریا لە نێوان خۆیان دابەشبكەن و دەیانەوێت توركیاش لەو پرۆسەیە بەشداربێ.