ئێران تەرمی دەستگیرکراوان فرێدەداتە بەنداوەکان

تەرمی کوڕێکی کورد دۆزرایەوە
ئیرشاد ڕەحمانیان

ژیان:

تەرمی هاوڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەنزیک بەنداوێکی ناوچەکە دۆزرایەوە کە مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٥-١٢-٢٠١٩، تەرمی هاوڵاتیەکی کورد بەناوی "ئیرشاد ڕەحمانیان" کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی مەریوان دەستگیرکرابوو، لە بەنداوی "گاڕان"ی ناوچەکە دۆزرایەوە.

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ تەرمی ئیرشاد لە کاتێکدا دۆزراوەتەوە کە دەس و قاچی شکاوە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.

هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە: ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کوژراوەکە کردووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەواڵی کوژرانی میدیایی بێتەوە و دەبێت وەکوو خۆکوشتن لە قەڵەم بدرێت.

پاش دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر گرانکردنی نرخی بەنزین لە وڵاتەکەدا، بە هەزاران کەس دەستگیرکران و تا ئێستاش تەرمی چەند هاوڵاتییەکی کورد و ناوچەکانی دیکەی ئێران لە بەنداوەکان دۆزراونەتەوە پاش دەستگیرکردنیان.