مەسرور بارزانی: لەم کابینەیەدا گرنگی بە ژێرخانی ئابووری دەدەین


ژیان:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەم کابینەیەدا گرنگی زیاتر بە ژێرخانی ئابووری دەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد: هیوادارین بتوانین تۆڕێكی فراوانی رێگاوبان بۆ شارەكان دروست بكەین.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی كردنەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری شاری هەولێر ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەم ئێمە بڕیاری ئەوەمانداوە کە گرنگییەکی زیاتر بە ژێرخانی ئابووری کوردستان بدەین و دروستکردنی شەقامەکان و ڕێگاو بانەکان یەکێکە لە کارە گرنگەکانی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری.

وتیشی هیوادارم لە سنووری هەموو شارەکانی کوردستان و لەنێوان شارەکان و پارێزگاکان بتوانین تۆڕێکی فراوانی ڕێگاوبان دروستبکەین.

داواش لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات کە سوود لەو ڕێگاوبانانە وەربگرن و مەسەلەی سەلامەتی خۆیان و هاوڵاتیان لەبەرچاوبگرن.
پاش كۆتایی هاتنی كۆتا قۆناغی شەقامەكە ئەمڕۆ شەقامی ١٢٠ مەتری شاری هەولێر كرایەوە كە درێژییەكەی بریتییە لە ٣٨ كیلۆ مەتر.