کلاسیکۆی ئەستێرەکان براوەی نەبوو

راهێنەران چییان وت لەبارەی ئەنجامی کلاسیکۆ

ژیان:
بۆ یەکەمجار لەدوای ١٨ ساڵ، یاری کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

شەوی ڕابردوو، هەردوو یانە ئاگرینەکەی جیهان لە یاریگای کامپ نوی بەرشەلۆنە بەیەک گەیشتن و دوای ململانێیەکی توند لەنێوان هەردوو یانەدا، یاریەکە بە یەکسانی و بەبێ گۆڵ کۆتاییپێهات.

لە تایمی یەکەمی یاریەکەدا، یاریزانانی ڕیاڵ مەدرید بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتن و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چەندین جار مەترسیان بۆ سەر گۆڵی بەرشەلۆنە دروستکرد بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ ئەنجام مانەوە.

لە تایمی دوەمی یاریەکەدا هەروەک پێشبینی دەکرا جڵەوی یاریەکە بەدەست یاریزانانی ڕیاڵ مەدریدەوە بوو، بەڵام یاریزانانی بەرشەلۆنەش چەندین هەلی گۆڵکردنیان  لەدەستدا.

بەو ئەنجامەش، هەردوو یانە بەردەوامن لە پێشەنگایەتی لالیگا بە کۆکردنەوەی ٣٦ خاڵ، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی یەکەمی لالیگا مایەوە.

دوابەدوای یاریەکە، زێنەدین زیدان ڕاهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید وتی: ئەنجامەکە بەدڵی من نەبوو، ئێمە شتێکی دیکەمان دەویست، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و چەند هەلێکمان هەبوو بۆ ئەوەی گۆڵ بکەین بەڵام بەفیڕۆماندا، ئەمەش زۆر پێویست بوو بۆ ئێمە، دەتوانم پیرۆزبایی لە یاریزانەکانم بکەم بۆ ئەو ئاستەی پێشکەشیانکرد.

هاوکات، ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە، لەدوای کلاسیکۆ بە رۆژنامەنووسانی وت: پێموایە ئێمە خاڵێکمان لە یارییەکەدا بە کۆششی هەردووتیپ بەدەستهێنا، ریال مەدرید رکابەرێکی بەهێزبوو، کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و وایکرد بە خاڵێک رازیبین.