حکوومەت ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتە بەر بۆ ڕووبەرووبونەوەی ماددەهۆشبەرەکان

کەسانی توشبوو چۆن چارەسەر دەکەن؟

ژیان:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ روبەرووبونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت و  سەنتەری تایبەت بەو کەسانەش دەکرێتەوە کە ئالودەبون بە ماددە هۆشبەرەکان.

ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا؛ پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵيیەکان کرد.

بەپێی پرۆژەکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی باڵا بە ناوی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان دادەمەزرێنێت و وەزارەتی تەندروستی سەرپەرشتیی ئەنجوومەنەکە دەکات.

بەگوێرەی ئەو مادانەی لەناو پرۆژەکەدا هاتووە؛ لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان چەند سەنتەرێک بۆ چارەسەریی ئالوودەبوان دادەمەزرێت و سزای بازرگانان جگە لە پێبژاردنی ماددیی، تا لە سێدارەدان بەرز دەکرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان بە دەیان کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیر و سزا دەدرێن، بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن لەماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.