ئێران دۆزینەوەی تەرمی گەنجە کوردەکان لەناو بەنداوەکان ڕەتدەکاتەوە


ژیان:
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا تەرمی چەند گەنجێکی کورد لە سنە و مەریوان دۆزرانەوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستگیرکرابوون، پۆلیسی ئێرانیش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

ناوەندی فەرماندەیی سەربازی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاندووە: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باس لە دۆزینەوەی تەرمی پێنج گەنجی کورد کراوە لە بەنداوی "قشلاخ" لە شاری سنە و لەو بارەیەشەوە هیچ ڕاپۆرتێکمان بەدەست نەگەیشتووە کە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەبێت.

وتیشی: هیچ تەرمێکی ژێرئاو کەوتوو لە ناوچەکانی سنە و دەوروبەری لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە نەدۆزراونەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا ٥ تەرمی گەنجی کورد لە سنە و تەرمێکی دیکە لە مەریوان لەناو بەنداوەکاندا دۆزراونەتەوە و شوێنەواری ئازار و ئەشکەنجەش بە جەستەیانەوە دیار بووە. وەک دەوترێت ئەو تەرمانە کوژراوانی ناو خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون لەدژی گرانکردنی نرخی بەنزین.